د.عەبدولحەکیم بەشار بۆ kdp.info

تایبەت بە kdp.info/ پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ رژێم ببێتە وازهێنانى بەشار ئەسەد لە دەسەڵات و دەستەبەرى نەتەوە یەکگرتووەکان.
د.عەبدولحەکیم بەشار سکرتێرى پارتى دیموکراتى کورد لە سووریا (بارتی) جەختى لەوە کردەوە ئەگەر بڕیار بێت گفتوگۆ لەگەڵ رژێم ئەنجام بدرێت، دەبێت بۆ وازهێنانى بەشار ئەسەد بێت لە دەسەڵات، ئەو کاتە ئێمە لەگەڵ ئەو گفتوگۆیەین، بەڵام ئەگەر گفتوگۆ بەهەر شێوەیەکى دیکە بێت، ئەوا پێویست ناکات گفتوگۆ لەگەڵ ئەو رژێمە ئەنجام بدرێت.
لەبارەى دەستبەرو دڵنیابوون لە قبووڵکردنى گفتوگۆ لەلایەن رژێمەوە، ئەوا نەتەوە یەکگرتووەکان تاکە لایەنە هەندێ دەستەبەرى و دڵنیایى ببەخشێت بەو جۆرە گفتوگۆیانە لەگەڵ رژێمى سووریا، بەڵام ئەگەر ئەوە جێبەجێ نەکرا، ئەوا لەسەر ئەنجوومەنى ئاسایش پێویستە بێتە نێو بابەتەکەو هەندێ مەرج بەسەر رژێمدا بسەپێنێت لە رێگەى ئامرازى جۆراوجۆرەوە.
لەبارەى ئەوەى باس لە دامەزراندنى حکوومەتێکى کاتى کوردى دەکرێت، بەشار جەختى لەوە کردەوە بیرۆکەى دامەزراندنى حکوومەتێکى کوردى، ئەو بیرۆکەیە هێشتا کاتى ماوەو لە بەرژەوەندى ئێستاى کورددا نییە، چونکە کارە لە پێشینە سیاسییەکانى ئەو قۆناغە قسەکردنە لە چۆنیەتى دۆزینەوەى ئالیەتێکى گونجاو بۆ چۆنیەتى هەڵسوکەوتکردن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى سووریا بۆ رێککەوتن لەسەر داهاتووى شێوەى دەوڵەتى سووریا، چونکە ناکرێت ئیدارەیەکى سەربەخۆ لە ناوچە کوردییەکان دابمەزرێت دابڕاو بێت لە ئۆپۆزسیۆنى سووریا.
هەروەها گوتى: لەو قۆناغەدا بە تەنسیق لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنى سووریا کار دەکەین بۆ ئەوەى هەندێ کار ئەنجام بدەین، ئەو قۆناغەى ئێستا وامان لێدەکات بەدواى ئالیەتێکدا بگەڕێین بۆ چۆنیەتى تەنسیقکردن لەگەڵ ئەنجوومەنى نیشتمانى سوورى، کە خاوەن گەورەترین شەرعیەتى نێودەوڵەتی بەرفراوانە، هەتا نەخشاندنى ئایندەى سووریا لە بوونى کورد لەو وڵاتە دوور نەکەوێتەوە.
لە بارەى ئاسۆى چارەسەرى لە شارى سەرى کانى و هەوڵەکان بۆ راگرتنى شەڕ لەو ناوچەیە، بەشار گوتى: پێشینەى کارەکان راگرتنى دەستبەجێى شەڕو چوونە دەرەوەى گروپە چەکدارەکانە لە شارەکەو ئیدارەى شارەکە بۆ خەڵکەکەى جێ بهێلن.
حکوومەتى سووریا رایگەیاندووە کە ئامادەگى تێدایە گفتوگۆ لەگەلڕ ئۆپۆزسیۆنى سووریا ئەنجام بدات، بەڵام بەبێ مەرجى پێشوەخت، بەپێى گوتەکانى عومران زەعبی وەزیرى راگەیاندنى سوورى لە گفتوگۆیەکى تەلەفزیۆنیدا، ئەوەش وەکو پەرچەکردارێک هات بۆ ئەو پێشنیارەى کە مەعاز خەتیب سەرۆکى ئۆپۆزسیۆنى سووریا کردبووى.
زوعبی لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنى فەرمى گوتبووى: دەرگەى سووریا کراوەیە بۆ هەموو سوورییەک کە دێتە لامان و گفتوگۆمان لەگەڵ ئەنجام دەدات، هەروەها بە توندى گوتبووى (کاتێ ئێمە قسە لە گفتوگۆ دەکەین، قسە لە گفتوگۆیەکى بێ مەرج دەکەین، باسى کەس ناکەین لە گفتوگۆ، نەک بۆ برینى باسەکە، نە بۆ مەرجى پێشوەخت.
چاوپێکەوتن: عیماد مەحموود




