پۆلیسی هەولێر سێ كەسی بە تۆمەتی دزینی سێ كیلۆ و 600 گرام زێڕ دەستگیر كرد

هەولێر- KDP.info/ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی سێ كرێكاری هیندی راگەیاند كە بڕی سێ كیلۆ و 600 گرام زێڕیان دزیوە.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر عەمیدی مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت رایگەیاند: ئەو سێ كرێكارە كە ماوەیەكی زۆرە لە شاری هەولێر لە كارگەیەكی تواندنەوەی زێڕدا كار دەكەن، لە ماوەی رابردوودا توانیویانە بە شێوەی گرام زێڕ كۆ بكەنەوە و لە جیاتی زێڕ ماددەی سفریان تێكەڵی قاڵبە زێڕەكان كردووە بێ ئەوەی خاوەنی كارگەكە هەست بەو فرتوفێڵەیان بكات.
عەمید عەبدولخالق تەڵعەت ڕوونیشی كردەوە كە ئەو سێ تاوانبارە، دواجار سێ قاڵب زێڕیان كۆ كردووەتەوە كە بڕەكەی سێ كیلۆ و 600 گرام بووە و هەوڵیان داوە لە ڕێگای فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو هیندستانی ببەنەوە، بەڵام لە لایەن هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە دەستگیر كران و دانیان بە تاوانەكانیاندا ناوە، بە گوێرەی یاساش ئیجرائاتی پێویستیان لەگەڵدا دەكرێت.




