تاوەكو دەركردنی یاسایەكی تایبەت، لەمەو بەدواوە جگە لەمووچەكانیان مانگانە بڕی 100 هەزار دینار بە خانەنشینان دەدرێت

بەغدا- تایبەت بەKDP.info/ ماوەیەكە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەكان سەرقاڵی دەركردنی یاسایەكی تایبەتن بە ماف و داهاتی خانەنشینانی سەرتاسەری عێراق، هەرچەندە لەبەر چەند هۆكارێك تاوەكو ئێستا نەتوانراوە ئەو یاسایە دەربكرێت، بەڵام بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمی مووچەی خانەنشینان و بەرزكردنەوەی ئاستی بژێوی ژیانیانە. ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری داوە تاوەكو ئەو یاسایە تایبەتییە دەردەچێت، بڕیارە مانگانە جگە لەمووچەكانیان بڕی 100 هەزار دینار بە هەر كەسێكی خانەنشین بدرێت.
نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆkdp.info گوتی: لەچەند رۆژی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری پێدانی بڕی 100 هەزار دیناری مانگانەی دا، جگە لە مووچەكانیان بەهەر كەسێكی خانەنشین لەسەر تاسەری عێراق، ئەمەش بۆ بەرزركردنەوەی ئاستی بژێوی ژیانی ئەو كەسانەی خانەنشینن و ئەم بڕە پارەیە وەكو بەخشینێكە تا ئەو كاتەی پرۆژە یاسای تەئمیناتی كۆمەڵایەتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەسەند دەكرێت. هەر كاتێك ئەو یاسایە بڕیاری لێدرا پێدانی ئەو بڕە پارەیە رادەگیرێت.
گوتیشی: كاری زۆر كراوە بۆ دەركردنی ئەو پرۆژە یاسایە و ئێستا پرۆژەكە ئامادەیە و لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە و دوای ئەوەی پەسەندی دەكەن و دەگاتە ئەنجوومەنی نوێنەران ئێمەش وەكو لیژنەی دارایی هەوڵ دەدەین بەزووترین كات پەسەندی بكەین، چونكە ئەو پرۆژەیە بەهەوڵ و ماندووبون و داواكاری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرهەم هاتووە.




