نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیای فیدراڵ كۆبووه‌وه

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم پێشوازی له شاندێكی باڵاى كۆمارى رووسیای فیدراڵ كرد كه له به‌ڕێزان میخائیل بۆ‌گدانۆڤ نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا بۆ كاروباری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه و ئیلیا مۆڕگانۆڤ باڵیۆزى رووسیا له عیراق و یۆری شه‌مپرانی سه‌رۆكی یه‌كێتی به‌رهه‌مهێنه‌رانی نه‌وتی رووسیا و ڤالێری پۆسپیلۆڤ كونسڵی گشتی رووسیای فیدراڵ له هه‌رێمی كوردستان پێكهاتبوو.
له دیدارێكدا كه فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت ئاماده‌بوو، نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا خۆشحاڵی خۆی بۆ ئه‌و سه‌ردانه ده‌ڕبری و ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان هه‌ردوو گه‌لی كوردستان و رووسیا كرد، هاوكات ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌شه‌سه‌ندنێكی خێرادایه و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش چاوه‌رێ ئه‌و هه‌رێمه ده‌كات. هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌و سه‌ردانه‌مان ده‌رفه‌تێكی له‌باره بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌وره به‌رپرسانی هه‌رێم بیر‌ورا ئاڵوگۆڕ بكه‌ین له پێناو بونیاتنانی په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌و له نێوان هه‌ردوولا.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمى كوردستان به‌گه‌رمی به‌خێرهاتنی شاندی میوانی كرد‌و خۆشحاڵی خۆی نیشاندا كه شاندى رووسیای فیدراڵ له‌سه‌ر ئاستێكی باڵا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ویستی ئه‌و وڵاته‌یه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندیه‌كی باش و درێژخایه‌ن له بواره جیاجیاكان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا باس له په‌یوه‌ندی دووقۆڵی و پرسه هه‌نووكه‌ییه‌كانى سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عیراق و دواپێشهاته‌كانی ناوچه‌كه كرا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: هه‌رێمی كوردستان مێژوویه‌كى درێژى له په‌یوه‌ندى هه‌یه له‌گه‌ڵ مۆسكۆ، رووسیای فیدراڵ له دوای ساڵی 2003 وه له یه‌كه‌مینی ئه‌و وڵاتانه بوو كه كونسڵگه‌ری گشتی خۆی له هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه، ئه‌ویش پردێكی په‌یوه‌ندی له نێوان هه‌رێمی كوردستان و رووسیای فیدراڵ .
نێچیرڤان بارزانى باسی له باردودۆخی هه‌رێمی كوردستان كرد له رووی سه‌قامگیری و ده‌رفه‌تی كار و وه‌به‌رهێنان و گووتی: ئێستا ژینگه‌یه‌كی له‌بار هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی رووسیای فیدراڵ به قه‌باره‌یه‌كی زیاتر بێته هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكى حكومه‌ت هه‌روا گووتی: ئێمه له قوناغی گواستنه‌وه‌داین و به هه‌موو توانایه‌ك هه‌وڵده‌ده‌ین خۆمان رێكبخه‌ین و له‌سه‌ر رێچكه‌یه‌كی گونجاو په‌ره به بواری سیاسی و دیموكراسی و گه‌شه‌پێدانی وڵات و كه‌رته‌كانى په‌یوه‌ست به په‌روه‌رده‌و ته‌ندروستى و بارى كۆمه‌ڵایه‌تی بده‌ین.
شاندی باڵای رووسیا خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا به‌وه‌ی كه هه‌رێمی كوردستان به‌ماوه‌یه‌كی كه‌م هه‌نگاوی باشی بڕیوه‌و پێشكه‌وتنی خێرای له بواره جیاجیاكان بۆ خۆی مسۆگه‌ركرد.
له‌ته‌وه‌ره‌ێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا باس له پرسی وزه‌و یاسای نه‌وت و غاز‌و یاسای دابه‌شكردنی داهات كرا، له‌م باره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر پابه‌ندبوون به ده‌ستووری عیراقی فیدراڵ كرده‌وه و گووتی: سیاسه‌تی ئێمه، سیاسه‌تێكی دروسته، چونكه پشت ئه‌ستوورین به ده‌ستووری عیراق و مه‌به‌ستیشمان به‌كارهێنانی سامانی وڵاته بۆ خۆشگوزه‌رانی هاوڵاتیان و ئاینده‌یه‌كی گه‌ش بۆ وڵات.
له‌به‌رامبه‌ردا شاندی میوان ده‌ست خۆشیان له سه‌ركه‌وتنه‌كانی هه‌رێم و شێواز و سیسته‌م و كاری هه‌رێم كرد و سیاسه‌تی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانیان به ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتوو وه‌سف كرد، هه‌روه‌ها ره‌وش و سه‌قامگیری هه‌رێمی كوردستان و سیاسه‌تی كرانه‌وه‌ی هه‌رێم به‌رووی جیهان مایه‌ی سه‌رسامی شاندی میوان بوو .
نوێنه‌ری تایبه‌تی سه‌رۆكی رووسیا ویستی وڵاته‌كه‌ی نیشاندا بۆ بونیاتنانی په‌یوه‌ندیه‌كی پێشكه‌وتوو له‌بواری سیاسی و ئابووری و چالاكی بازرگانی و وبه‌رهێنان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان.
له كوتایی دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی گووتی: هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی فیدراڵ و ناوچه‌یه‌كی ئارام له عیراق ده‌رگای كراوه‌یه بۆ وه‌به‌رهێنان و چالاكی بازرگانی له پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی هه‌رێمی كوردستان و سوود و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا، بۆیه پشتیوانی له بوونی كۆمپانیاكانی رووسیای فیدراڵ ده‌كه‌ین و خۆشحاڵین به‌شداری كارا بكه‌ن له بواره جیاجیاكان دا.




