خامنەیی: دانوستان لەگەڵ ئەمریكا هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات

ئێران- KDP.info/ رابەری شۆڕشی ئێران ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە كاتی دیداری خۆی لەگەڵ فەرماندەكانی هێزە ئاسمانییەكانی ئێراندا باسی بێ ئەخلاقی و هەڵسووكەوتی ناشیاوی ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئێرانی لگەڵ خەڵكدا كرد و گوتی: پێویستە ئەمجۆرە بەرپرسانە بە خێرایی هەڵسوكەوتی خۆیان لەگەڵ خەڵكدا راست بكەنەوە بە پێچەوانەوە خۆیان زەرەرمەند دەبن.
ئایەتوڵلا عەلی خامنەیی لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی كێشەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا کرد و هەروەها ئاماژەی بە گوتەی یەكێك لە بەرپرسانی ئەمریكایی كرد كە گوتبووی: تۆپ لە مەیدانی ئێراندایە، گوتی: من كەسێكی شۆڕشگێرم و دیپلومات نیم هەر بۆیە زۆر بە راشكاوی قسە دەكەم و دەڵێم دانوستانی ئێران لەگەڵ ئەمریكا هیچ جۆرە كێشەیەك چارەسەر ناكات.
خامنەیی جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە هەندێك لە بەرپرسانی ئێران بە هۆی سادەلوحی خۆیانەوە بەو گوتانەی ئەمریكاییەكان خۆشحاڵ دەبن و ئەمە جۆرێک هەڵەی سیاسییە.
ناوبراو سەبارەت بە گوتەی بەرپرسێكی ئەمریكایی كە گوتبووی: بۆ دانوستاندنی نێوان ئەمریكا و ئێران تۆپ لە مەیدانی ئێراندایە گوتی: ئەم جۆرە قسانەی ئەمریكاییەكان نوێ نین و پێشتریش ئەم قسانەمان زۆر بیستووە و ئێمەیش وەكو خەڵكی ئێران قسەكانی ئەمریكاییەكان بە پێی كریار و كردەوەی ئەوان لە دژی ئێران شرۆڤە دەكەین و تۆپ لە مەیدانی ئێران نییە بەڵكو لە مەیدانی ئەمریكا دایە. چۆن دەبێت لە لایەكەوە باسی دانوستاندن بكەن و لە لایەكی دیكەشەوە گەمارۆمان بخەنە سەر؟ ئەمریكا وەكو هەمیشە سەرقاڵی ئەوەیە كە گوشاری زیاتر بخاتە سەر ئێران و هەر بۆیە دانوستاندن لە ژێر گوشاردا نابێت یا گوشار و دانوستاندن پێكەوە ناگونجن.




