نووری بریمۆ بۆ پێگەیkdp.info سەری كانی شارێكی كوردییەو هیچ كەسێك ناتوانێ كورد لەو شارە دەربكات

کوردستانی رۆژئاوا- تایبەت بە KDP.info/ نووری بریمۆ بەرپرسی راگەیاندنی پارتی دیموكراتی كورد لە سووریا (البارتی) جەختی لەوە كردەوە شاری سەری كانی شارێكی كوردییەو لەگەڵ ئەوەی شاری پێكەوە ژیانە بۆ كوردو عەرەب و هەموو پێكهاتەكانی.
ئەو لێدوانەش وەكو پەرچەكدراێك لە دژی ئەو راگەیاندنەی ئەنجوومەنی سەربازی شۆڕش لە پارێزگەی حەسەكە هاتەكایەوە، كە داوای كردبوو چەكدارەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لەو شارە بچنە دەرەوەو چەند مەرجێكی دیكەش بۆ سەرگرتنی ئەو رێككەوتنە كاتییە بسەپێنن.
هەروەها بریمۆ گوتی: ئێمە دەست لە شاری سەری كانی هەڵناگرین، چونكە شارێكی كوردییەو لە دەست و پێوەندەكانی رژێم پاككراوەتەوە، هیچ پێویست بە ئازادبوون ناكات، (وەكو هێزە چەكدارەكان داوای دەكەن) كە لە دژی كوردان بجەنگن لەو شارەدا.
لەبارەی ئەوەی لە لاپەرەكانی پەیگی ئەلیكترۆنی بڵاودەكرێتەوە كە دەستەی باڵای كورد خۆی وەكو حكوومەتێكی كاتی رادەگەینێت لە ناوچەكانی خۆیاندا، بریمۆ جەختی لەوە كردەوە كە ئەو هەواڵە هیچ راستییەكی تێدا نییە، تەنیا لە چوارچێوەی راگەیاندندایەو هیچ بنەمایەكی لەسەر ئەرزی واقیع نییە.
هەروەها گوتی: دەستەی باڵای كورد تاكە دەستەی رێگەپێدراوە بۆ چۆنیەتی ئیدارەی كاروباری كورد لە ناوچەكەدا، كاتێ بارودۆخەكە گونجاو دەبێت تەنیا ئەو بۆی هەیە بڕیارێكی لەو شێوەیە بدات، هەتا ئێستا دەستەی باڵای كورد بە شێوەیەكی مەیدانی سەركردایەتی ئەو ناوچەیە دەكات و هیچ حكوومەتێكی كاتی لە ئارادا نییە.
لەبارەی توانای بەكارهێنانی دەروازەی سنووری لە (سیمالكا) لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردییەكان لە رۆژئاوای كوردستان، بریمۆ جەختی لەوە كردەوە كە ئەو دەروازە سنوورییە بۆ ئەوە كراوەتەوە لە بنچینەدا بە مەبەستی كاری مرۆڤانەو گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكانە، بەڵام لە ئایندەدا هیچ رێگرییەك نییە وەكو مەبەستێكی بازرگانی بەكاربهێنرێت لەنێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سووریا.
هەروەها بریمۆ گوتی: نە حكوومەتی هەرێم و نە دەستەی باڵای كورد چاویان لە داهاتی ئەو دەروازەیە نییە، چونكە مەبەستی سەرەكی وەكو لە پێشەوە باسمان كرد تەنیا مەبەست گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەكانە بۆ گەلی كوردمان لە سووریا، نەك وەكو ئەوەی هەندێ كەس لە رووی ماددییەوە لێی سوودمەندبن.
چاوپێكەوتن: عیماد مەحموود




