وەزارەتی پەروەردە قوتابخانەو پرۆگرام و مامۆستا بۆ كەمپی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان دابین دەكات

هەولێر- تایبەت بە kdp.info / بۆ ئەوەی منداڵ و لاوەكانیان لە پرۆسەی خوێندن دوانەكەون و دانەبڕێن وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوتابخانە و پرۆگرامی خوێندن و مامۆستا لە كەمپی ئاوارە كوردەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دابین دەكات.
هاجەرە داود وتەبێژی فەرمی وەزارەتی پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: وەزارەتی پەروەردە بەهاوكاری لەگەڵ چەند رێكخراوەێكی نێودەوڵەتی قوتابخانەیان بۆ كەمپی ئاوارەكانی رۆژئاوای كوردستان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دابینكردووەو لەلایەن خۆشیەوە وەزارەتی ئەركی دابینكردنی مامۆستا و پرۆگرامی خوێندنی بۆ ئەو قوتابخانانە لە ئەستۆ گرتووە كە پرۆگرامەكە هەمان پرۆگرامە كە لەقوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان دەخوێندرێت ئەمەش بۆئەوەیە ئەو رۆڵانەمان لە پرۆسەی خوێندن دانەبڕێن و بەردەوام بن.
سەبارەت بەوەی ئایا ئێستا قوتابخانە بۆ سەرجەم كەمپەكان تەرخانكراوە ناوبراو گوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستدان ئێستا لە كەمپی دۆمیزی پارێزگای دهۆك كە زۆرترین ژمارەی ئاوارەی كوردانی رۆژئاوای كوردستانی لێیە دابینكراوەو پرۆسەی خوێندن بەردەوامەو لە كەمپەكانی تریش ئێستا كار بۆ دابینكردنی شوێن بۆ خوێندن و مامۆستاو پرۆگرامەكانی خوێندن دەدرێت و بڕیارەكەی وەزارەتی پەروەدە بە شێوەیەكی گشتی هەموو كەمپەكان دەگرێتەوە.
بڕوا بەرزنجی




