٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

بەپێی راپۆرتێک ژمارەیه‌کی زۆری گرتوخانە لەناو بارەگاکانی لەشکری عێراق ھەیە و بەسەدان زیندانی تێدایە

سەرچاوە: KDP.info

به‌غدا- تایبه‌ت به‌ KDP.info/ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی راپۆرتێک کرا، کە باس لەھەبوونی گرتوخانە دەکات لەناو بارەگاکانی لەشکری عێراق، ئەمەش پێچەوانەی دەستوری عێراقە، چونکە نابێ ھیچ گرتوخانەیەک ھەبێت کەسەر بە وەزارەتی داد نەبێت.

د.رزگار ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆKDP.infoرایگەیاند: ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن داواکاری گشتی پێشکەشکرا و تێدا ئاماژەی بەوە کرد کە ژمارەیه‌کی زۆری گرتوخانە لەناوبارەگاکانی لەشکری عێراق ھەیە و بەسەدان کەسی تێدایە و دەست دەرێژیان دەکرێتە سەر، ھەر چەندە سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و ژمارەیەک لەئەندامانی لیستی دەوڵەتی قانوون داوایانکرد ئەم بابەتە دابخرێ و باسی لێوە نەکرێ، چونکە ئێستا خۆپیشاندان دەکرێ و ئەگەری ھەیە کێشەکە گەورەتر بکات، بەڵام سەرۆکی پەرلەمان سور بوو کە گفتوگۆی لەسەر بکرێ، چونکە پێیوابوو ئەمە دەستدرێژییە بۆ سەر مافی مرۆڤ .

ئەو ئەندامەی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی راشیگەیاند: سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی وتارێکی پێشکەشکردو گوتی: پار ساڵ لەیەکێک لەگرتووخانەکانی لەشکری عێراق لەشاری موسڵ دووکەس لەلایەن ئەفسەرێک لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدابوو و ناوەکەی دابوو به‌ سەرۆک وەزیران بۆ ئەوەی ئیجرائاتی لەگەڵ بکات، بەڵام تەنھا گواستیەوە بۆ شوێنێکی دیکە و سزا نەدراوەو لەکارەکه‌ی بەردەوامە.

روونیشیکرده‌وە، ھەبوونی ئەم گرتووخانەیە بەڵگەیە کە ئەوانەی خۆپیشاندان ده‌کەن مافی خۆیانه‌ کەداوای ئازادکردنی گیراوەکان دەکەن، چونکە بەسەدان کەس لەزیندان دانەو بێ ئەوەی ھیچ تاوانێکیان کردبێت، کە ئەمەش پێچەوانەی مادەی112دەستوری عێراقە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار