هاوپەیمانێكی مالیكی داوای نووسینەوەی دەستووری عێراق دەكات

عێراق –KDP.info/ هاوپەیمانێكی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران داوا دەكات، هەڵبژاردنی پێشوختە لە عێراق ساز بكرێت و هەروەها جارێكی دیكەش دەستووری عێراق بنوسرێتەوە، عومەر جبوری پەرلەمنتاری عێراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە بارەگای ئەنجوومەنی نوێنەران لە بەغدا سازكرابوو،رایگەیاند: بۆ یەكلاكردنەوی تەنگەژەكان باشتر وایە هەڵبژاردنێكی پێشوەختە سازبكرێت و دەستوری عێراقیش بنوسرێتەوە هەروەها یاسای لێپرسینەو و دادپەروەری هەڵبوەشێنرێتەوە، عومەر جبوری كە كەسایەتێكی توندرەی عەرەبی كەركووكە و دژی سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاردەكات، ئەوەشی خستەروو: كە دەستووری عێراق پێشتر پەلە پەلی تێدا كراوە و ژمارەیەك لە بەندەكانی دەستووریش لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی خەڵكی عێراق ناگونجێت، ئەو قسانەی جبوری وەك پشتگیری كردنێك بۆ هەڵوێستی دەولەتی یاسای سەر بە نوری مالیكی هەژمار دەكرێت، كە تێدا داوای كردبوو هەردوو سەرۆكایەتی وەزیران و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵبوەشێنرێتەوە هەڵبژاردنێكی پێشوەختە لە عێراق سازبكرێت.




