٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لە 182 هەزار ئەنفالکراو نزیکەی 3 هەزار روفات هاتووەتەوە"

سەرچاوە: Rudaw

سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان رەخنه لە خاوی پڕۆسەی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان دەگرێت و رادەگەیەنێت "لە کۆی 350 گۆڕە بەکۆمەڵ تەنها 3 گۆڕ هەڵدراونەتەوە".

سالار مەحمود، سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان به (رووداو)ی راگەیاند "لەماوەی 10 ساڵی روخانی رژێمی بەعس تا ئێستا تەنیا نزیکەی 3 هەزار روفات گەڕاندراوەتەوە. ئەگەر بەو شێوەیه بچینە پێش تا 10 ساڵی داهاتوو ناتوانین 10 هەزار روفاتیش بگەڕێنینەوە. بە تێپەڕبوونی کات و نەمانی شایەتحاڵان، کەس وکاری ئەنفالکراوان بە چاوەڕوانییەوە سەر دەنێنەوە".

سالار مەحمود حکومەتی عێراق به بەرپرسیاری سەرەکی دەزانێت و دەڵێت "حکومەتی عێراق نە تەنها مافی زیندووەکان بەڵکو مافی مردوەکانیشمان پێشێل دەکات و لە گەڕاندنەوەی ئێسک و پروسکی ئازیزانمان ئەودەست ئەودەستمان پێدەکا و کایە به کات دەکات. لە 350 گۆڕی بەکۆمەڵ تەنیا کار لەسەر 3 گۆر کراوە و ئێسک و پروسکی ئەنفالکراوەکانی تێدا دەرهاتووە".

ناوبراو روونی کردەوە "بەپێی یاسای گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق، وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق لایەنی یەکەم و کۆتایی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقیه کە ئەوە گرفتێکی گەورەیە و پێویستە یاسای گۆرە بەکۆمەڵەکان هەموار بکرێتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوبەش بکرێت لە دۆزینەوە، دەرهێنانەوە و هێنانەوەی روفاتی ئەنفالکراوان لە گۆرە بەکۆمەڵەکاندا".

بەبڕوای سالار مەحمود کەمتەر خەمی وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق لە ئاستێکە کە دەبێ لێپێچینەوەی لەگەڵ بکرێت. "نەک ساڵانە دەبێ مانگانە ئەو روفاتانه پۆل پۆل بگەڕێنەوە خاکی کوردستان.عێراق لەسەری دەریای نەوتدایە و ناکرێ به پاساوی نەبوونی ئامێرێک ئەو پرۆسەیە دوا بخات".

سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان گوتیشی "ئێمە گومان دەکەین  ئەو کەمتەر خەمییە به ئەنقەست بێ چون سەرجەم کەیسەکان لە عێراق بوونەتە کەیسی سیاسی و لە روانگەی سیاسیەوە بۆی دەڕوانن. لە 95% جینۆساید لە عێراقدا هی گەلی کوردە".

دۆینێ سێ شەممە، بە ئامادەبوونی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی و بەرپرسانی ئیداری و سیاسی، رێوەرەسمی هێنانەوە و ناشتنی روفاتی 730 ئەنفالکراوی ناوچەی گەرمیان لە چەمچەماڵ بەڕێوە چوو.

سالار مەحمود لەو بارەوە پرسیار دەکات "ئایا لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی مەهاری کە روفاتی 730 ئەنفالکراوی کوردی لێ دۆزراوەتەوە ئێستا کاردەکرێت بۆ دروست کردنی مۆنۆمێنتێک تا نەوەکانی ئێستا و داهاتووی عێراق بزانن سەردەمانێک کورد لەو شوێنە زیندە بە چاڵ کراوە؟ ".

سەرۆکی لێژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی کوردستان گلەیی لە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش کرد کە هەوڵ و بدواداچوونی زیاتر بۆ کەیسی ئەنفال ناکات "کە باس لە مافی چارەی خۆنووسین دەکرێ، لەرێگەی جینۆسایدەوە دەتوانێت ئەو  مافە بێنینە دی. پێویستە هەوڵ بۆ به جیهانی ناساندنی ئەنفال بدرێت. بەداخەوە لە ئاستێکی زۆر زۆر بچووکدا ناوەندە راگەیاندنە نێودەوڵەتییەکان ئامادەی مەراسیمی هێنانەوەی روفاتەکان بوون. ئەمەش گرفتێکە کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ میدیا نێودەوڵەتییەکاندا هەیەتی. گواستنەوەی ئەو دیمەنانە هیز و گوڕێکی زیاتر دەدات به کورد و داخوازییەکانی".

سالار مەحمود ئاشکراشی کرد  "لە روانگەی ئێمە هێشتا مەترسی جینۆساید ماوە چون عەقلیەتی جینۆساید لە فۆڕمێکی تردا خۆی وێنا دەکاتەوە بەتایبەت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان. ئەو عەقلیەتە ئەگە لە جوگرافیاییەکی بچووکیش دابێ مەترسی تەشەنە سەندنی بۆ ناچەیەکی بەرفراوانتر هەیه".

هەواڵی پەیوەندیدار