فازل بەشارەتی: ئۆپۆزسیۆن پێش بودجە بگاتە پەرلەمانی بڕیاری خۆیان لەبارەوەداوە

ھەولێر – تایبه ت به KDP.info/ فازل بەشارەتی ئەندامی لیستی کوردستانی لە پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ kdp.infoرایگەیاند، وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران لەبارەی بودجە لەلایەن وەزیری پلاندانانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەمووی بەڵگە و داتایە و ھیچ گومانێکی نەھێشتوتەوە لەو بیروبۆچونانەی لە ناو پەرلەماندا ھەیە و لە ھەمووی گرنگتریش ئەوەی کە وەڵامەکانی وەزیری پلاندانان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن بەخش دەکرێ بۆ ئەوەی ھەرکەسێ دەیەوێ راستییەکان بزانێت گوێی لێبگرێت و دواتر ھەر بۆچوونێکی ھەبێت ئێمە و وەزیری پلاندانانیش ئامادەین وڵامیان دەدەینەوە.
فازل بەشارەتی گوتیشی: وەزیری پلاندانان یەک بەیەک دەچێتە سەرناوەکان و وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوەو بەپێی ئەو ریزبەندییەی کەناوەکان نووسراوە، بەڵام ھەندێک لەلایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن پێش ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان بڕیاری ئەوەیان داوە کە دەڵێن پڕۆژەکە پڕە لە گەندەڵی و دان بەڕاستییەکان نەنێن، ئەمەش شتێکە لە دەرەوەی ئیرادەی ئیمە و وەزیر و حکوومەتیشە، چونکە بڕیاری کۆتایی داوە کە دان بەڕاستییەکان نەنێن، گەر نا وەزیری پلاندانان یەک بە یەک دەچێتە سەرناوی ئەندامان وەڵامی پرسیارەکانیان دەداتەوە.
بەشارەتی ڕاشیگەیاند: وەزیری پلاندانان بەسێ قۆناغ وەڵام دەداتەوە، وەڵامێکی گشتی، وەڵامی ڕاپۆرتی لیژنەی دارایی و پاشان وەڵامی یەکە بەیەکەی پرسیارەکانی پەرلەمانتاران .
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئۆپۆزسیۆن بڕیاری پێش وەختەی داوە و دوای ئەوەی کە وەڵامی راستی وەزیری پلاندانانیان زانی، ھەستاون یاداشتنامەیەکیان نووسیوە و داویانەتە ھەموو فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتی پەرلەمان و کۆمەڵێک شتی دیکەیان ھێناوەتە پێشەوە کە زۆربەی ئەوانە لە ناو وەڵامەکانی وەزیری دارایی و وەزیری پلاندانان ھەیە، بەڵام ئەوان بیانو لەدوای بیانو دەدۆزنەوە، بۆئەوەی ئەو بڕیارەی پێشوەخت داویانە جێبەجێی بکەن .




