وەزیری پەروەردە: دوو قوتابخانە بەشێوەیەکی ستاندارت بۆ تورکمان و سریان دروست دەکرێت

ھەلێر - تایبه ت-KDP.info / ئەمڕۆ وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان د.عیسمەت مەحمەد خالد لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ھەرێمی کوردستان قوتابخانە ھەیە بەزمانی تورکمانی و سریانی، بەڵام بەشێوەیەکی کۆن دروست کراون، بۆیە ئێمە بەپێویستمان زانی گرنگی پێبدرێت و لەوەرزی ھاوینی رابردوو وۆرکسشۆپێکمان ئەنجامدا بە بەشداری ژمارەیه ک ئەندام پەرلەمان لەھەردوو پێکھاتەی تورکمانی و سریانی و بڕیارماندا باشترین چارەسەر ئەوەیە کە دوو قوتابخانە بەشێوەیەکی ستاندارت لە ھەردوو پارێزگای ھەلێر و دھۆک دروست بکرێت و زیاتر گرنگی بە خوێندنی ئەم دوو پێکھاتەیە بدرێت .
وەزیری پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: ئەم پێشنیارەمان بەرزکردەوە بۆ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خۆشبەختانە پەسەندی کرد و دواتر دووبارە دوو وۆرکشۆپی دیکەمان سازکرد بۆ ھەردوو پێکھاتەی تورکمانی و سریانی بەجیا ئەوانیشی دڵخۆشی خۆیان نیشان دا، چونکە بەراستی بنەمای زانستی ھاوچەرخی تیدایە.
د.عیسمەت مەحمەد خالد رونیشیکردەوە، ھەرسێ زمانی کوردی و ئینگلیزی و زمانی دایک لەم قوتابخانانە دەخوێندرێت و لە سەرەتای ساڵی داھاتووش دەست پێدەکات.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا راشیگەیاند، لیژنەیەک پێکھاتووە بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکات لە چ شوێنێک پێویستیمان بەقوتابخانە ھەیە و کەم کوڕتییەکان چین، چونکە بڕیارە 500 قوتابانە لە ماوەی دوو ساڵی داھاتوو لەھەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆسەی نەھێشتنی نەخوێندەواری لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە ئێستاشدا ڕێژەی نەخوێندەواری دابەزیوە بۆ 15%.
بڵند ئیبراھیم




