نوێنه‌ری هه‌رێم له به‌غدا: وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق گه‌نده‌ڵترین وه‌زاره‌ته

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا پێیوایه گه‌نده‌ڵترین وه‌زاره‌تی حكومه‌ته‌كه‌ی نوری مالیكی، وه‌زاره‌تی به‌رگرییه، جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته فڕۆكه‌ی ئێف 16 له ده‌ستی ئه‌میندا بێت.
محه‌مه‌د ئیحسان نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری "ئه‌لئسبوعیه" كه یه‌كێكه له بڵاوكراوه‌كانی ده‌زگای خه‌ندان رایگه‌یاند: تائێستا حكومه‌تی هه‌رێم نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌وه‌ی داوای ده‌بابه بكات بۆ هێزی پێشمه‌رگه.
ئیحسان ده‌ڵێت: "ئێمه كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین دان به هێزی پێشمه‌رگه‌دا بنرێت وه‌ك هێزی پاسه‌وانی سنووری هه‌رێم".
ناوبراو سه‌رسوڕمانی خۆشی ده‌ربڕی له نیگه‌رانییه‌كانی به‌رپرسانی عیراق له پڕچه‌ككردنی هێزی پێشمه‌رگه له‌كاتێكدا ئه‌و هێزه دژایه‌تی رژێمی پێشووی كردووه و ئه‌من و ئاسایشی به‌غدای پایته‌ختی پاراستووه و پارێزگاری له زۆربه‌ی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی وڵات كردووه و تائێستاش پاسه‌وانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌كات.
نوێنه‌ره‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: دژی كڕینی فڕۆكه‌ی جۆری "ئێف 16" و به‌هێزكردنی سوپای عیراق نین، به‌ڵام "پێمانوایه وه‌ك هاوڵاتی عیراقی پێداویستی گرنگترمان هه‌یه له فڕۆكه‌ی "ئێف 16" وه‌ك قوتابخانه و نه‌خۆشخانه و كاره‌با و دابینكردنی هه‌لی كار و چه‌ندین پێداویستی رۆژانه‌ی تر.
جه‌ختیش له‌وه ده‌كاته‌وه كه پێویسته فڕۆكه‌ی ئێف 16 له ده‌ستی ئه‌میندا بێت نه‌ك وه‌زاره‌تی به‌رگری عیراق كه "گه‌نده‌ڵترین وه‌زاره‌ته".
له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی سه‌ربازی له‌لایه‌ن نوری مالیكییه‌وه دژی هه‌رێمی كوردستان، ئیحسان پێیوایه كه بارودۆخی عیراق و هه‌رێمی و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تیش ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌ی سه‌ربازی دژی هه‌رێم قبوڵ ناكات.
روونیشیكرده‌وه كه له‌ئێستادا هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ناكۆكییه‌كان ته‌نها له‌ڕێی وتووێژ و گفتوگۆوه چاره‌سه‌ر بكرێن و هه‌ر كرده‌وه‌یه‌كی توندوتیژی له وڵات‌دا كاره‌سات ده‌بێت بۆ هه‌مووان به‌بێ جیاوازی.




