ئەردۆغان: بۆ هەر كەس نییە بچێتە ئیمراڵی

KDP.info/سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە پایتەختی كۆماری چیك سەبارەت بە قۆناغی دانووستاندنەكانی نێوان بەرپرسانی توركیا و ئۆجەلان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەم قۆناغە بەو پەڕی جدیەتەوە درێژەی هەیە و هیچ جۆرە ئاستەنگییەك ناتوانێت ببێتە بەربەست لە بەردەم ئەم قۆناغەدا.
سەرۆك وەزیری توركیا لە درێژەی وتەكانیدا باسی ئەو سیاسەتمەدارە كوردانەی كرد كە دەچنە ئیمراڵی و لەگەڵ ئوجەلاندا چاوپێكەوتن ساز دەكەن و گوتی: بۆ هەر كەس نییە بچێتە ئیمراڵی و لەگەڵ ئۆجەلاندا چاوپێكەوتن ساز بكات، ئێمە وەكو حكوومەتی توركیا لەم بارەیەوە سێ مەرجی سەرەكیمان هەیە و یەكێك لەو مەرجانە ئەوەیە كە ئەو سیاسەتمەدارانەی كە لە ناوچەی شەمزینان باوەشیان بە ئەندامە چەكدارەكانی پەكەكەوە كرد و ئەوانیان ماچ كرد بە هیچ شێوەیەك ناچنە ئیمراڵی.
ئەردۆغان سەبارەت بە مەرجی دووەمیش ئاماژەی بەوە كرد كە دەبێت ئەو كەسانە كە دەچنە ئیمراڵی هەست بە بەرپرسیاریەتی و حەساسیەتی سیاسی، قەومی و ئەمنی توركیا بكەن و خۆیان لە لێدوانی توند و قسەی نهگونجاو دوور بگرن.
سەرۆك وەزیری توركیا دەستنیشانكردنی ئەو كەسانە كە دەچنە ئیمراڵی لە لایەن وەزارەتی دادی توركیاوە وەكو مەرجی سیێەم لە قەڵەم دا و گوتی: وەزارەتی دادی توركیا بۆی هەیە كە ناوی ئەو كەسانە كە دەتوانن بچنه ئیمراڵی و چاوپێكەوتن لەگەڵ ئۆجەلاندا بكەن دەستنیشان بكات.




