ئەمڕۆ بارزانى و تاڵەبانى بۆ تاوتوێكردنى تەنگژەى سیاسیی عێراق كۆ دەبنەوە

وەك سەرچاوە ئاگەدارەكان رایان گەیاندووە، بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم لە شارى هەولێر جەلال تاڵەبانى سەركۆمارى عێراق و مەسعوود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بەمەبەستى تاوتوێكردنى تەنگژەى سیاسیی عێراق كۆ ببینەوە.
چەند مانگێكە بەهۆى ناكۆكیى نێوان بارستە سیاسییەكانەوە پرۆسەى سیاسیی وڵات تەنگژەى تێكەوتووە و تا ئێستە ئاسۆیەك بۆ گەیشتن بە رێكەوتنێك و كۆتاهێنان بەو تەنگژەیە دەرنەكەوتووە.
تا ئێستە هەر سێ بارستەى هاوپەیمانى كوردستان و عیراقییە و رەوتى سەدر دوو كۆبوونەوەیان لە هەولێر و نەجەف بۆ ئەو مەبەستە ئەنجام داوە و دوو كارنامەیان ئاراستەى لیستى هاوپەیمانیى نیشتمانیى دەسەڵاتدار كردووە، بەڵام بە گوتەى سەرچاوەكانى ئەو لایەنانە تا ئێستە بەدەوەهاتنى هاوپەیمانیى نیشتمانى و لیستى دەوڵەتى یاساى مالیكى، كە بەشێكە لە هاوپەیمانییەكە، بۆ خاڵەكانى ئەو دوو كارنامەیە لە ئاستێكى زۆر لاوازدا بووە.




