٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى پێشوازى له‌ شاندێكى ئه‌لمانى كرد

سەرچاوە: KDP.info

سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 6ى شوباتى 2013 نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ "پیته‌ر ڕامزه‌وه"‌ وه‌زیرى گواستنه‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و په‌ره‌پێدانى ئه‌ڵمانیا و شاندێكى یاوه‌رى كرد.

وه‌زیرى ئه‌ڵمانى و شانده‌ یاوه‌ره‌كه‌ى كه‌ له‌ ژماره‌یه‌ك پیاوانى كار و وه‌به‌رهێن و كۆمپانیاى ئه‌ڵمانى پێكهاتبوون؛ خۆشحاڵیى خۆیان بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان و عیراق ده‌ربڕى و ئارامى و سه‌قامگیریى هه‌رێمى كوردستانیان به‌رز نرخاند كه‌ بووه‌ته‌ هۆى ئه‌وه‌ى وڵاتانى جیهان ڕوو بكه‌نه‌ هه‌رێمى كوردستان و په‌یوه‌ندیى باشى له‌گه‌ڵدا دروست بكه‌ن، له ‌وانه‌ش ئه‌ڵمانیا كه‌ خوازیارى په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوندییه‌كان و به‌شداریكردنه‌ له‌ پرۆسه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى هه‌رێمى كوردستان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا.

له‌ دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ و كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى عیراق و پرسى كه‌ركووك و ڕه‌وش و پێشهاته‌ سیاسییه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌ گشتى و عیراق به‌ تایبه‌تى خرایه‌ به‌ر باس و هه‌ردوولا تێڕوانین و بیروبۆچوونیان له‌باره‌ى ئه‌م پرسانه‌وه‌ ئاڵوگۆڕ كرد.

ڕه‌وشى مه‌سیحییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ى ئایینى و نه‌ته‌وه‌یى له‌ هه‌رێمى كوردستان لایه‌نێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو، كه‌ تیایدا ڕه‌فتار و مامه‌ڵه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ل خوشك و برایانى مه‌سیحى به‌ تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ى ناوچه‌كانى ترى عیراقیان جێ هێشتووه‌ و بۆ سه‌قامگیرى و پاراستنى سه‌روماڵ و ئاسایشى خۆیان، ڕوویان له‌ هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، به‌رز نرخێنرا. ‌

له‌ كۆتایى دیداره‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى شانده‌ ئه‌ڵمانییه‌كه‌، جه‌ختى له‌سه‌ر ویستى هه‌رێمى كوردستان بۆ بره‌ودانى زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا كرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌رگاكانى هه‌رێمى كوردستان له‌به‌رده‌م كۆمپانیا ئه‌ڵمانییه‌كان كراوه‌یه‌ و ده‌توانن هه‌لى كارى باش به‌ ده‌ست بخه‌ن و به‌شدارییه‌كى كارا له‌ پرۆسه‌ى گه‌شه‌سه‌ندنى هه‌رێمى كوردستاندا بكه‌ن.

ده‌رباره‌ى كێشه‌كانیش له‌گه‌ل حكوومه‌تى عیراق، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سیاسه‌تى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ى دیالۆگ و به‌ شێواز و ڕێگه‌چاره‌ى ئاشتیانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن.

هەواڵی پەیوەندیدار