وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان: قسەکانی شەهرستانی راست نین

وەزارەتی سامانە سرووشییەکان قسەکانی حوسێن شەهرستانی رەتکردەوەو رایگەیاند حکومەتی عێراق ناردنی سووتەمەنی بۆ ئاستی کەمتر لە 15% کەمکردووەتەوە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند قسەکانی حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراقی بۆ کاروباری وزە رەتکردەوە و رایگەیاند ، حکومەتی عێراق لە 22ی ئەم مانگەوە ئەو بەشە سووتەمەنیەی بۆ هەرێمی کوردستانی دەنارد کە خۆی بڕێکی زۆر کەمتربوو لە بەشی هەرێمی کوردستان ، کە 33 هەزار بەرمیل بوو لە رۆژێکدا، ئەویشی کەمکردووەتەوە بۆ کەمتر لە 15% لەو رێژەیە، ئەوەش بە هیچ شێوەیەک بەشی پێداویستییەکانی خەڵکی کوردستان ناکات و پێشێلکردنی مافی خەڵکی کوردستان و پێشێلکردنی دەستووری عێراقیشە ". هەروەها سەرچاوەکە ئەوەشی راگەیاند کە حکومەتی عێراق بەتەواوی گازاویلیشی لە هەرێمی کوردستان بڕیوە.
حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە لە لێدوانێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند لە چەند رۆژی رابردوودا باس لەوەکراوە کە حوسێن شەهرستانی بڕیاریداوە هەناردەکردنی بەنزین بۆ هەرێمی کوردستان رابگیرێ.
شەهرستانی دەڵێ "بەهیچ شێوەیەک بڕیاری لەم شێوەیەم نەداوە بەڵکو گوتوومە دەبێت بەرهەمی موشتەقاتی نەوتی لە سەرجەم پاڵاوگەکان بەسەر تەواوی گەلی عێراق لە پارێزگاكاندا دابەش بکرێ بە گوێرەی رێژەی دانیشتوانەکانیان".
شەهرستانی داوا لەوانە دەکات کە گرنگی بەو مەسەلەی دەدەن لە زانیارییەکانیاندا "ووردبن و لەلایەنی فەرمی بەدواداچوونی بۆ بکەن بۆ دڵنیابوون لە راستیەکەی".




