د.ناسیح غەفور: نەم بینوە لەسەر بابەتێك پەرلەمانتار 50 دەقە قسە بكات

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ئەندامێكی پێشووی پەرلەمانی كوردستان ئەوە دەخاتەڕوو كە جێگای سەرسوڕهێنانە پەرلەمانتار بۆ موزایەدەی سیاسی لە یاسای پەرلەمان لابدات و لە راگەیاندنەكانیش بڵێت " بودجە قوتی خەڵكە.
دەربارەی تاوتوێکردنی بودجەی هەرێمی كوردستان لەپەرلەمانی كوردستان د.ناسیح غەفور ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بەKDP.info ی ڕاگەیاند: بودجە شتێكی هەستیارە بۆ هەموو حكوومەتێك بەتایبەتی بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەهۆی ئەو بارودۆخەوە هەیەتی گوتی: حكوومەت بەبێ دواكەوتن هەموو ساڵێك بودجە دەنێرێتە پەرلەمان و هەموو بودجەیەكیش قابیلی قسە لەسەر كردن و ڕەخنە گرتنە، بەڵام دواجار بودجە بۆ هەموو خەڵك و ژیانی خەڵكی لەسەر بەندە، بۆیە دەبێت بە وردی تەماشای ئەو بابەتە بكرێت و نابێت "ئیستخلالی" بكرێت، بەو نەفەسەوە كە لەبەرژەوەندی هەرێم نییە.
گوتیشی: من خۆم پێشووتر ماوەی 16 ساڵ ئەندامی پەرلەمان بووم، یەكەم وەزیری پەروەری هەرێم بووم، بەدواداچوونم بۆ ئەو بودجەیە كردووە، دەبینم لەناو بەشێك لە برایانی ئۆپۆزسیۆن بەتایبەتی گۆڕان كە قسە لەسەر بودجە دەكەن بەڕاستی قسە بۆ ئەوە دەكەن كە خۆیان نیشان بدەن و شتی وابورژێنن كە قابیلی نیقاش نییە، یان خەڵك بورژێنن لە كاتێكدا من حەق بەوە دەكەم دەبێت ئەم بودجە ڕەخنە و سەرنج و تێبینی تێدابخرێتە ڕوو.
ناسیح غەفور دەڵێت: زۆر سەیرە لە تەمەنی خۆمدا نەمبینوە لەپەرلەمان، لەسەر بابەتێك پەرلەمانتار 50 دەقە قسە بكات، چونكە ئاوا بڕوات ئەو بودجە قسەی لەسەر ناكرێت و تێناپەڕێت لەگەڵ ئەوەشدا وەزیرە بەڕێزەكانی دارایی و ئاوەدانكردنەوە، وەڵامی سەرجەم پەرلەمانتارانیان داوەتەوە.




