ڕۆژنامهی "گهڵف نیوز": مالیكی خهریكه كودهتا ڕاستهقینه مهترسیدارهكه ئهنجام دهدات

ڕاستە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ساڵی 2010ـی عێراق و دەرئەنجامەكەی هۆكاری ئەو كێشە سیاسییەیە ئێستا وڵاتی گرتووەتەوە، بەڵام پێویستە ئەو ڕاستییە لەبەرچاو بگیرێت، كە لەو ڕۆژەی عێراق دامەزراوە، واتە لە ساڵانی بیستەكانی سەدەی ڕابردووەوە، چەندین كێشەیش دەستیان پێ¬كردووە.
نزیكەی یەك سەدە بە سەر كاتی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەم كێشانە چارەسەر نەكراون.
كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق زۆر و جیاوازن، بەڵام مەترسیدارترینەكەیان ئەو تەنگژەیەیە، كە لە نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هەیە. هەندێك كەس باس لەوە دەكەن، كە ئەم تەنگژەیە جۆرە شەڕێكی نێوان كورد و عەرەبە، بەڵام حكوومەتەكانی پێش ساڵی 2003ـی عێراق ئەم كێشەیەیان بە جۆرێك لە بەرهەڵستیكردنی كوردەكان دادەنا.
لە بەرامبەریشدا، كوردەكان ئەم تەنگژە بەردەوامە وەك جۆرە كێبڕكێیەك ناو دەبەن بۆ ئەوەی دواجار لە ناو زەوی و نیشتمانی خۆیاندا مافە شەرعییەكانی خۆیان بەدەست بهێنن.
پەنابردن بۆ هێز دژ بە كوردەكان
حكوومەتەكانی عێراق، چ پاشایەتییەكان و چ كۆمارییەكان، هەوڵیان داوە، كێشەی كورد بە هێز چارەسەر بكەن. بێگومان دەرئەنجامی ئەم جۆرە هەوڵ و سیاسەتەیش وێرانكاری بووە، چونكە هەر بە هۆی ئەو جۆرە شەڕانەوە سامانی مرۆیی و ئابووریی عێراق لەناو چووە.
ئەم تەنگژەیە لە بەردەم هەبوونی پلانێكی تۆكمەدا بە مەبەستی پێشخستنی وڵاتیش بەربەستێكی گەورە بووە. ئەم كێشەیە هەروەها كاریگەریی لە سەر ئاسایشی نیشتمانییش هەبووە، چونكە ڕێگای بۆ وڵاتانی دراوسێ خۆش كردووە، بۆ ئەوەی دەست لە كاروباری ناوخۆی عێراق وەربدەن.
بارودۆخی سیاسیی عێراق هیچ كاتێك لە توندوتیژی و ڕكابەرایەتیی مەترسیدار دوور نەبووە، بەڵام پاش ڕووخانی ڕژێمی (سەدام) لە ساڵی 2003ـدا، ئەم ڕكابەرایەتی و كێشەیە چووەتە قۆناغێكی نوێوە و خەریكە دەبێتە هەڕەشەیەكیش بۆ شێواندنی دامەزراوەی دیموكراسیی لە وڵاتدا.
سەرۆكوەزیرانی عێراق (نووری مالیكی) ڕۆڵی گەورە و زۆر خراپ لەم ڕكابەرایەتی و تەنگژەیەدا دەگێڕێت. ئەو لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای عێراق كێشەی هەیە، لەوانەیش جێگری سەركۆمار (تارق هاشمی)، جێگری سەرۆكوەزیران (ساڵح موتڵەك)، بەرپرسی لیستی ئەلعێراقییە (ئەیاد عەللاوی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) و بەرپرسی ڕەوتی سەدر (موقتەدا سەدر). پێدەچێت (مالیكی) تەنانەت كێشەی لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی پارتی دەعوەیش هەبێت.
(مالیكی) باجەكەی دەدات
(نووری مالیكی) لەم ڕووبەڕووبوونەوانەدا زەحمەتە سەركەوێت، بە تایبەتی كاتێك ئەم هەموو هێزانە لە یەكتری نزیك بوونەتەوە و هەوڵێكی هاوبەشیان بە مەبەستی كۆتاییهێنان بە دەسەڵاتەكەی دەست پێكردووە.
پێدەچێت (مالیكی) لە چەند ساڵی ڕابردوودا توانیبێتی كارێكی باش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و ژمارەیەك وڵاتی ناوچەكە بكات، بەڵام ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت، كە ئیدی ناوبراو دەتوانێت بەبێ هیچ جۆرە كێشەیەك لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە. پێویستە ئەو ڕاستیەیشمان لەبیر نەچێت، كە دۆزینەوەی بەدیلێك بۆ (مالیكی) كارێكی زەحمەت نییە.
لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ئۆپۆزسیۆنی حكوومەت بووەتە هێزێكی كاریگەر و هەوڵەكانیشی بۆ دوورخستنەوەی (مالیكی) لە پۆستەكەیدا دەست پێكردووە.
ماوەیەك پێش ئێستا بەرپرسانی چەندین لایەنی سیاسی لە هەولێر كۆ بوونەوە، بۆ تاوتوێكردنی ئەو پلانە و لە كۆتاییشدا یاداشتێكیان ئاراستەی هاوپەیمانێتیی شیعەكان كرد.
ئەوان ماوەی 2 هەفتەیان مۆڵەت دایە هاوپەیمانێتیی شیعەكان و هەڕەشەی ئەوەیشیان كرد، كە ئەگەر (مالیكی) داواكارییەكان جێبەجێ نەكات، ئەوا پەنا دەبەن بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لێی.
2 هەفتەكە تێپەڕی و كۆبوونەوەیەكی دیكە لە نەجەف بەڕێوەچوو و جارێكی دیكە ماوەی 1 هەفتە درایە هاوپەیمانێتیی شیعەكان بۆ مەبەستی دەستنیشانكردنی سەرۆكوەزیرانێكی نوێ بۆ عێراق.
پەرلەمانتارانی دژە (مالیكی) زۆرینەن
ئەو ئەندامانەی پەرلەمان كە هەڕەشەی وەرگرتنەوەی متمانە لە (مالیكی) دەكەن زۆرینەی پەرلەمانتاران پێك دەهێنن، بەڵام ئاخۆ ئەوان ئامادەن ئەو كارە بكەن تا ئێستایش دیار نییە.
لەم بوارەدا هەر پەرلەمانتارێك چەند بابەتێك لەبەرچاو دەگرێت. ژمارەیەك لەو بابەتانەیش پەیوەندییان بە پێگە و پۆستی ئەو پەرلەمانتارەوە هەیە و ژمارەیەكی دیكەیشیان تایبەتین، لەوانەیش دەرفەتی دووبارە هەڵبژاردنەوەی وەك ئەندامی پەرلەمان لە خولەكانی داهاتووی هەڵبژاردندا.
چەند هۆكارێكی دیكەیش هەن كە وا دەكەن ئەو هەنگاوە هەڵنەگیرێت بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە (مالیكی)، لەوانەیش مەترسیی دروستبوونی بۆشاییەكی سیاسی لە پاش دوورخستنەوەی ناوبراو لە پۆستەكەیدا.
هاوپەیمانێتی نیشتمانیی شیعەكان لە بەرامبەر یاداشتەكەی هەولێردا پشتیوانیی خۆی بۆ (مالیكی) دووپات كردەوە، بەڵام ئاماژەی بەوەیش كرد كە پشتیوانی لە ئەنجامدانی چاكسازی دەكات لە لایەن حكوومەتەوە.
لە ناوەندی ئەم هەموو كێشانەیشدا، سەرۆكوەزیران بڕیاری دا، تەنگژە
گەورەكە بكاتە شەڕ و ڕووبەڕووبونەوەیەكی گشتی لەگەڵ كوردەكاندا.
ناوبراو لە ڕۆژی 8ی ئەم مانگەدا بە یاوەریی وەزیرە عەرەبەكانی گەیشتە كەركووك بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە شارەكەدا.
سەردانەكەی ناوبراو لە كاتێكدا بوو، كە پێشتریش ناوبراو هێزی سەربازیی ڕەوانەی ئەو شارە كردبوو.
مەیدانێك بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ كورد
(مالیكی) كەركووكی وەك مەیدانێكی ڕووبەڕووبوونەوەكانی لەگەڵ كورد هەڵبژارد و هەر لەو شارەیشەوە ڕایگەیاند، داواكاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گەڕانەوەی كەركووك بۆ سەر هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە لایەن حكوومەتی ناوەندییەوە قەبووڵ ناكرێت.
(نابێت ئەو ڕاستییە لەبیر بكەین، كە هەموو جۆرە پێكهاتەیەكی نەتەوەیی و ئایینی لە كەركووكدا دەژین).
ناوبراو هەر لەو شارە و لەو ڕێگەیەوە ئەوەی ڕاگەیاند، كە ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراق جێبەجێ ناكرێت.
بەم جۆرەیش، (مالیكی) ئاشكرای كرد، كە جیاوازییەكانی نێوان حكوومەتی ناوەندی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕێی دەستوورەوە چارەسەر ناكرێن. ئەم پەیامەی ناوبراو ئەوەیشی ڕوون كردەوە، كە حكوومەتی ئێستای عێراق پەنا بۆ میكانیزمێكی دەستوورییش نابات بۆ كۆتاییهێنان بەم كێشانە. سەرەڕای ئەوەیش، (مالیكی) پێشنیاری ئەوەی كردووە، كە تا كۆتایی ماوەی دەسەڵاتەكەی دەستووری وڵات هەڵپەسێردرێت و كاری پێنەكرێت.
وا دیارە سەرۆكوەزیرانی عێراق بە وردی سەیری ڕووداوەكان ناكات، چونكە ئەو كارەی ئەو دەیكات، تەنانەت كێشە لە نێوان دەوڵەتی یاسا و لیستەكانی دیكەی ناو هاوپەیمانێتیی شیعەكانیش دروست دەكات.
كوردەكان خاوەن هێزی ناوخۆیی و پشتیوانی نێودەوڵەتیی گەورەن
(مالیكی) خەریكە پەنا بۆ هێز یان جۆرە چاوسووركردنەوەیەك دژ بە كوردەكان دەبات، لە كاتێكدا هەموو كەس دەزانێت ئێستا كورد لە هەموو كاتێكی دیكە بەهێزترە، چ لە سەر ئاستی هەرێمایەتی و چ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی.
(مالیكی) گرەو لە سەر ئەوە دەكات، كە سیاسەتە مەترسیدارەكەی دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی هاوپەیمانێتیی نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان.
ئەو هەروەها دەیەوێت وا خۆی پێشان بدات، كە لە شەڕێكی نەتەوەیی و نیشتمانیدایە. (مالیكی) لەم شەڕەیدا دڵی بە پشتیوانیی چەند لایەنێكی بچووك و ئەو پەرلەمانتارانە بەستووە، كە لە لیستی ئەلعێراقییە پاشەكشەیان كردووە.
گوتەكانی (مالیكی) دەربارەی هەڵپەساردنی دەستووری هەمیشەیی عێراق ئەو گومانە لای هەموومان دروست دەكات، كە بە ڕاستی ناوبراو لە هەوڵی ئەوەدا نییە پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
پێشنیاركردن بۆ هەڵپەساردنی دەستوور لە لایەن سەرۆكوەزیرانەوە هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنجامدانی كودەتایەكی سەربازیدا دژ بە پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا نییە. ئەم هەنگاوەی (مالیكی) وەك ئەوە وایە، ناوبراو باری نائاسایی لە وڵاتدا ڕابگەیەنێت بۆ ئەوەی هەر چیی دڵی بخوازێت ئەنجامی بدات.




