سەرپەرشتیار و پلاندانەری پەلامارە تیرۆریستییەكانی شاری كەركووك دەستگیر كرا

كەركووك –KDP.info/ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری كەركووك ئاشكرای كرد توانیویانە سەرپەرشتیار و پلاندانەری پەلامارە تیرۆریستییەكانی شاری كەركووك دەستگیر بكەن، د. نەجمەدین كەریم راشیگەیاند: هێزە ئەمنییەكان توانیویانە ئەو گەورە تیرۆریستە لەناوچەیەكی نزیك لەشوێنی روودانی پەلامارە تیرۆریستییەكانی رۆژی یەك شەممەی رابردووی شاری كەركووك دەستگیر بكەن، كە پێش ئەنجامدانی پەلامارەكان سەرقاڵی وێنەگرتن بووەو لەكاتی تەقینەوەكانیشدا هاواری كردووەو وتوویەتی (الله أكبر)، دوای ئەوەی هاووڵاتیان هێزەكانیان لەو كەسە ئاگاداركردۆتەوە، دەستگیریانكردوو، . دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە كە ئەو تۆمەتبارە كەسی یەكەمی رێكخەری ئەو تەقینەوەیە بووە و یەكێكیش بووە لە گەورە تیرۆریستانی سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدەو پێشتر لە بەغداو دەوروبەری چەندین كردەوەی تیرۆریستی ئەنجامداوە، كە بەهۆیانەوە زیاتر لە 100 كەس بوونەتە قوربانی. لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا د. نەجمەدین راشیگەیاند:كە ئەو تیرۆریستە بۆ ماوەیەكیش لە زیندانەكانی هێزەكانی ئەمریكا لە بەغدا دەستبەسەر بووە پاشان رایكردووە، هاوكات دوو تیرۆریستی دیكەش لەنزیك ئەو پەلامارە تیرۆریستییەوە بینراون، بەڵام رایانكردووە و دواتر لە بەغدا دەستگیركراون و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیان بەردەوامە.




