گولتەن كاشناك: پۆلیس هەوڵی كوشتنی منی داوە

كوردستانی باكوور- تایبهت به KDP.info/ هاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە باكووری كوردستان، گولتەن كاشناك رایگەیاند كە لە ئاڵۆزییەكانی شاری شانلی عوورفادا پۆلیسی توركیا هەوڵی بۆ كوشتنی داوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە ئێمە وەكو پارتی بەدەپە، ویستمان لە شاری شانلی عوورفا بە مەبەستی پشتگیریكردنی كوردانی رۆژئاوای كوردستان دەست بە خۆپیشاندان و گردبوونەوەیەكی جەماوەری بكەین، بەڵام پۆلیسی توركیا مۆڵەتی پێنەداین و هەربۆیە ئاڵۆزی و ناكۆكی هاتە ئاراوە، لەم كات و ساتانەشدا پۆلیسی توركیا بە فڕێدانی بۆمبێكی دەنگی بۆ نێو خۆپیشاندەرەكان و بۆ لای من، هەوڵی بۆ كوشتنی من دا.
كاشناك هەروەها ئاماژەی بەوە كرد كە لە كۆتایی ئاڵۆزییەكاندا من و دوو پهرلەمانتاری دیكە بە تەنیا مابووینەوە و دواتر چوار پۆلیس بەرەو رووی ئێمە هاتن و یەكێك لە پۆلیسەكان جارێكی دیكە بۆمبێكی گازی بۆ من فڕێدا، هاوكات لەگەڵ فڕێدانی ئەم بۆمبە گازییەدا بۆمبێكی دیكەشی بە رووی مندا تەقاندەوە.
جێگای ئاماژە پێكردنە دوو رۆژ لەمەوبەر پارتی ئاشتی و دیموكراسی لە شاری شانلی عوورفادا خۆپیشاندانێكی جەماوەری بۆ پشتگیریكردنی كوردانی رۆژئاوا سازدا لەو خۆپیشاندانانەدا بە لانی كەمەوە 5 كەس لە لایەن پۆلیسەوە دەستگیر كران و زیاتر لە 15 هاووڵاتی دیكەش بریندار بوون.




