د.مهحمود عوسمان: ھاوپەیمانی نشتیمانی ناتوانێت داواکانی کورد جێبەجێ بکات

ئەندامێکی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی دەڵێت، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان کاریگەری کردۆتە سەرکارەکانی پەرلەمان و بۆتەھۆی ئەوەی چەند پڕۆژە یاسای گرنگ دوابکەون و پەسەند نەکرێن، لەوانەش پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی و دادگاى فیدراڵی و چەند پڕۆژە یاسای دیکە کە ئەمانه پێویستیان بەدوو لەسەر سێی دەنگەکان ھەیە.
ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستان د.مهحمود عوسمان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆkdp.info ڕایگەیاند: خۆپیشاندانەکان لەعێراق بەردەوام دەبن، بەڵام سەرئەنجام حکوومەت ناچار دەبێ وهڵامی ھەندێک لە داواکاریەکانیان بداتەوە، چونکە بەشێکی داواکاریەکانیان جێبەجێ ناکرێن، لەوانەش ھەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری و گۆرینی دەستور کە ئەمەش لەبەرژوەندی تیرۆرستان دایە، بەڵام ھەموارکردنەوەی یاسا دەکرێ، چونکە گەر وهڵامی داواکاریەکانیان نەداتەوە ڕەوشەکە ئالۆزتر دەبێت.
د.مهحمود عوسمان گوتیشی: ئەم خۆپیشاندانانەش پەیوەندی بەناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان ھەیە، چونکە گەر لایەنەکان ڕێکبکەون کێشەکان زووتر چارەسەر دەبن .
ئەو ئەندامەی لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی ڕاشیگەیاند، کورد بێدەنگ نییە لەبەرانبەر ئەوخۆپیشاندانانەی دەکرێت و ھەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندوە کە پشتگیری داوا دەستورییەکانی خۆپیشاندەران دەکات، بەڵام کوردیش کێشەی خۆی ھەیە کە تاوەکو ئێستا چارەسەرنەکراون و دەبێت خهریکی کێشەکانی خۆشی بێت و بێ ھەڵوێست نەبووە ھەلوێستی گشتی خۆی ڕاگەیاندوە.
عوسمان ڕونیشیکردوە، تاوەکو ئێستا دیارنییە وهڵامی ھاوپەیمانی نشتیمانی بۆ کورد چیە و چ وهڵامێکی داوەتەوە، بەڵام داوای کورد یەک داوایە ئەوەش گۆرینی مالکییە ئەمەش ھاوپەیمانی نیشتیمانی ناتوانی بیکات و دەیانەوێ یەک ریزی شیعەکان بپارێزن، ئاماژەی بەوەش کرد، ھاوپەیمانی نشتیمانی ناتوانێت داواکانی کورد جێبەجێ بکات، چونکە پەیوەندی بەحکوومەت ھەیە حکوومەتیش مالکی سەرپەرشتی دەکات و پێویستە لێکتێگەیشتن لەگەڵ مالکی بکرێ، بۆیە بەڕای من بڕواناکەم وهڵامی ھاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ کورد پۆزەتیف بێت، ھەر بۆیەش کەس باسی وهڵامەکە ناکات.
ناوبراو لەکۆتای لێدوانەکیدا گوتی: بەگۆڕینی مالکی کێشەکان چارەسەر نابن، چونکە سیاسەتەکە ھەلەیە و کێ دەڵێ ئەوکەسهی دێتە شوێنی مالکی لەو باشترە بۆیە دەبێ کورد بزانێ ئەوکەسە کێیە و ئایا رێکكەوتنەکان جێبەجێ دەکات گەر نا گۆرینی کەسایەتی کێشەکان چارەسەر ناکات، بەڵکو پێویستە گۆڕانکاری لەسیاسەتەکان بکرێ




