٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وتەبێژی حکوومەتی کوردستان: كەركووك پێویستی بە پلانی تۆكمەتر هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-  KDP.info/ ئەمڕۆ یەکشەممە تەقینەوەیەکی تیرۆریستی پۆلیسی کەرکووکی کردە ئامانج  ولە ئەنجامدا ژمارەیەک پۆلیس و هاووڵاتی شەهید و بریندار بوون، سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە لەرێگەی گوتەبێژی حکوومەت سەفین دزەیی، ئیدانەی ئەم کارە تیرۆریستییەی کرد و گوتی: حکوومەتی هەرێم هەموو دەزگاکانی خستۆتە خزمەتی بریندارەکان.

سەفین موحسین دزەیی وتەبێژی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە جارێكی دیكە شاری كەركووك كرایە ئامانجی تیرۆرستان و لە چەند تەقینەوەیەكدا بەداخەوە زیاتر لە 100 هاوڵاتی و پیاوانی چەسپاندنی یاسا شەهید و بریندار بوون.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتوندی ئەو كردەوە تیرۆریستییە ئیدانە و شەرمەزار دەكات. هاوكات سەرەخۆشی لە كەس و كار و خانەوادەی شەهیدانی ئەم كردەوە تیرۆریستییە دەكات و هیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

وتەبێژی فەرمی حكوومەت گووتی: حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەرجەم نەخۆشخانە و دەزگا تەندروستییەكانی خستۆتە خزمەت بریندارەكان و هەرچی پێویست بێت لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە بۆیان دەكرێت.

بەڕێزیان گووتی حكوومەتی هەرێم جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە شاری كەركووكی خۆشەویست پێویستی بە پلانی تۆكمەتر هەیە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتیان، بۆیە ئامادەی هەموو جۆرە پشتگیری و پشتیوانیەكین بۆ ئەوەی كردەوەی لەمجۆرە روونەداتەوە و تەواوی پێكهاتەكانی كەركووك لە ئاسایش و سەقامگیریدا بژین.

هەواڵی پەیوەندیدار