دەزگای خێرخوازیی بارزانی 1030385 دۆلار بەسەر 3854 منداڵی بێباوكدا دابەش دەكات
KDP.info/ لەچوارچێوەی پرۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی كە بە هاوكاری مانگی سووری ئیماراتی بەڕێوە دەچێت تیایدا هاوكاری هەشت مانگی ساڵی رابردووی 2012 لە هەریەكە لەپارێزگاكانی هەولێر، دهۆك، سلێمانی، كەركووك بەبڕی 1030385 دۆلار بەسەر 3854 منداڵی بێباوكدا دابەش دەكات.
بەمەبەستی هاوكاریكردنی ئەو منداڵە بێباوكانەی لەپرۆژەی ئازیزانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ناونوسكراون و یارمەتیان بەسەردا دابەش دەكرێت، لە هەڵمەتێكی یەك هەفتەییدا لەسەرجەم ئەو شارانەدا دەزگای خێرخوازیی بارزانی یارمەتی هەشت مانگی بەسەر ئەو ئازیزانەدا دابەشكرد.
هەڵمەتی دابەشكردنی هاوكارییەكە بەشێوەیەكی رێكوپێك بەڕێوە دەچێت و تیمەكانی دەزگا سەردانی شارەكان دەكەن و راستەوخۆ هاوكارییەكان بە منداڵانی ئازیز دەگەیەنن، لەوانەش لە پارێزگای هەولێر بڕی 313012 دۆلار بەسەردا 1177 منداڵی ئازیز دابەشكراوە، هەروەها لە پارێزگای سلێمانی 281218 دۆلار بە 1053 منداڵی ئازیز بەخشراوە، جگە لەمەش لە پارێزگای دهۆك 865 منداڵی ئازیز بڕی 234975 هەزار دۆلاریان پێبەخشراوە، هەروەها لە پارێزگای كەركووكیش 759 منداڵی ئازیز بەبڕی 201180 هەزار دۆلار هاوكاریان بەسەردا دابەشكراوە. كە بەپێی خشتەی دابەشكردنە، زۆرترین مووچە بۆ ئازیزان 1250 تاكو 196دۆلاردا بووە.
سەبارەت بەچۆنیەتی دابەشكردنی یارمەتیەكان، موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی رایگەیاند: وەك دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری مانگی سووری ئیماراتی لەڕێگەی پرۆژەی ئازیزانەوە هەستاوین بەدابەشكردنی مووچەی هەشت مانگی رابردووی منداڵانی بێ دایك و باوك لە پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك و كەركووك، بۆ ئەم مەبەستەش لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی زۆرترین منداڵی بێباوك لەم پرۆژەیەی ئێمەدا ناونوس بكرێت و هاوكاری زیاتریان بكەین، هاوكات تیمەكانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئاسانكاری زۆریان بۆ ئەو منداڵانە كردووە كە هاوكاری وەردەگرن.




