دزەیی : بەغدا بەڵینەكانی لەبارەی پارەی كۆمپانیاكانی نەوت جێبەجێنەكرد

هه ولێر –KDP.info / ڕۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەوەی ئاشكرا كردووە، كە وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكدا، كە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی كردووە، تێدا رایگەیاندووە: حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیانی بە ئابووری بەغدا گەیاندووە، لەو بەیاننامەیەدا هەروەها ئاماژە دراوە:كە بەهۆی پابەند نەبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناردنە دەرەوەی نەوت، بە بڕی چوار میلیارد دۆلار زیان بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2012 گەیشتووە، وەزارەتی نەوت پێشبینی ئەوەشی كردووە، لە ساڵی 2013 ئەو زیانە بگاتە نێزیكەی نۆ میلیارد دۆلار،لای خۆشییەوە، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەفین دزەیی رایگەیاند: كە حكومەتی فیدراڵ پەیوەست نەبووە بەو گرێبەستانەی لە نێوانیاندا بووە و پارەی ئەو كۆمپانیایانەشی نەداوە كە بۆ دەرهێنانی نەوتی خاو لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن، دزەیی جەختی لەوەش كردۆتەوە: كە هەرێی كوردستان ئامادە بووە بڕی 175 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێك دا لە رێگای توركیا رەوانەی جیهان بكات، لە بەرامبەر دا كە حكوومەتی فیدراڵ پارەی گرێبەستە نەوتییەكان و كرێی كۆمپانیاكان بدات كە بڕەكەی یەك میلیارد دۆلارە كەچی تا ئێستا حكومەتی مالیكی خۆی لەو پرسە دزیوەتەوە و پایەبەندی بەڵێنەكەی نەبووە.




