ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ: ھیچ سەربازێک بۆدەرەوەی شار نەکشاوەتەوە

موسڵ- تایبهت به KDP.info/ فەرماندەی فرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵی ڕایگەیاند: وەک وهڵامدانەوەیەک بۆ داخوازی خۆپیشاندەران دوو لیوای سوپا و پۆلیسی فیدراڵی بۆ دەرەوەی موسڵ کشاونەتەوە، لەبەرامبەردا ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بێ ئاگایی خۆی لەم کارە ڕاگەیاند و ئاشکراشیکرد، تاوەکوو ئێستا یەک سەربازی سوپای عێراقی بۆ دەرەوەی شار نەکشاوەتەوە.
لەم باریەوە وتەبێژی لیستی برایەتی نەینەوا لە پارێزگای موسڵ دەرمان خەتاری لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ KDP.infoڕایگەیاند: خۆپیشاندان لەپارێزگای موسڵ بەردەوامە و تاوەکو ئێستاش حکوومەت وهڵامی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانی نەداوەتەوە، یەکێک لە داخوازی خۆپیشاندەرانیش دەرچوونی سوپایە بۆ دەرەوەی شار، بەڵام تاوەکو ئێستا یەک سەربازیش نەچۆتە دەرهوەی شار.
دەرمان خەتاری گوتیشی: لەئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەیهک پێکھاتووە لەبارەی داخوازیەکانی خۆپیشاندەران و لەدواین کۆبوونەوەشیان رونیانکردهوە، حکوومەت وهڵامی داخوازییەکانی خۆپیشاندەرانیان نەداوەتەوە و ھێز لەدژی خۆپیشاندەران بەکاردێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، تائێستا ئەوان وەکوو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئاگادار نەکراونەتەوە کە یەک سەربازیش لەناو شار بۆ دەرەوەی شار کشابێتەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە فەرماندەی فرقەی سێی پۆلیسی فیدراڵی لیوا روکن مەھدی سەبیح ئەلعەزاوی لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: وەک وهڵام دانەویەک بۆ داخوازی خۆپیشاندەران دوو لیوای سوپا و پۆلیسی فیدراڵی بۆ دەرەوەی موسڵ کشاونەتەوە.




