لە 2012 زیاتر لە 100 تۆن پۆستە لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی دونیا نێردراوە

هەولێر –تایبەت بە KDP. Info / سەرچاوەیەك لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت بەپێی دواین ئامارەكانی وەزارەت دەركەوتووە كە رۆژ بە رۆژ رێژەی پۆستكردن لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ وڵاتانی دونیا لەرێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆستەوە لەلایەن هاووڵاتیانەوە زیاتر دەبێت و ئەمەش متمانەی هاووڵاتیان بە شێوازی پۆستكردن لەهەرێمی كوردستان دەسەلمێنێت.
ئومێد محمد وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەبەری گشتی پۆستەی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆ (KDP.info) گوتی: بەپێی ئەو ئامار و زانیاریانەی لەبەردەستدایە و لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆستە لە هەرێمی كوردستان كۆكراوەتەوە لە ساڵی 2012 دا زیاتر لە 100 تەن پۆست لەهەرێمی كوردستانەوە ڕەوانەی وڵاتانی دونیا كراوە ئەمەش زۆرینەی بۆ كوردانی تاراوگە نێردراوە لەلایەن كەسوكار و خزم و دۆستەكانیان لە ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستاندا.
گوتیشی: رێژەی پۆستی نێردراوە لەهەرێمی كوردستان لە ساڵی 2012 بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 2011 زیاتر لە 12 تەن زیادی كردووە ئەمەش زیادبوونی متمانەی هاووڵاتیان بە بەڕێوەبەرایەتییەكانی پۆستەی سەر بەحكوومەتی هەرێمی كوردستان دەسەلمێنێت و پێشبینی زیادبوونی ئەو رێژەیەش لە ساڵی ئایندە دەكرێت.




