بەهۆی باران و لافاوەوە مەترسی هاتنە خوارەوەی مین و تەقەمەنی دەكرێت لە ناوچە مینرێژكراوەكان

KDP.info : بەشی هۆشیاركردنەوەو ڕاگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر ئاگاداری گشت هاووڵاتیانی بەرێزو خۆشەویست دەكاتەوە، كە بە هۆی كاریگەری ئەو شەپۆلە باران بارین و لافاوە بەهێزەی كە لە چەند رۆژی رابردوودا زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە بە تایبەت سنوری پارێزگای هەولێر، پێشبینی دەكرێت لە بەرزایی و ناوچە شاخاوییەكانی دەڤەری سۆران و باڵەكایەتی و مێرگەسۆر و شەقڵاوە ژمارەییەكی زۆر لە مین و پاشماوەی جەنگی لە ناوچە مین رێژكراوەكان بەهۆی ئەو باران و لافاوەوە هاتبنە خوارەوە بۆ قەراغ رێگاو بان و باخچە و زەوی كشتوكاڵی و ئەو رووبارو كانی و كانیاوانەی كە لە نزیك ئەو ناوچە مەترسیدارانە هەڵدەقوڵێن و تێ دەپەڕن، بە مەش مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست دەبێت، بۆیە لە پێناو پاراستنی گیان و سەرو ماڵی هاووڵاتیان و هەروەها رێگەگرتن لە دروست بوونی رووداوی مین و تەقەمەنی و بەرنەكەوتنی خەڵك، پێویستە هاووڵاتیان بە گشتی و دانیشتوانی گوندو ئاواییەكان بە تایبەتی ئەوانەی لە دەوروبەری ناوچە مینرێژكراوەكان دەژین، پابەندی ئەو پەیام و رێنماییانە بن و بە هیچ شێوەیەك و بۆ هیچ مەبەستێك لەو ناوچانە نزیك نەبنەوە كە مەترسی غلۆربوونەوەی مین و تەقەمەنیان لێ دەكرێت، هەروەها داواكاریشین لە سەرجەم هاووڵاتیان لە كاتی بینینی هەر مین یان پارچە تەقەمەنیەك لێی نزیك نەبنەوەو دەستكاری نەكەن، بەڵكو لە رێگەی ئەو ژمارە تەلەفۆنانەوە ئاگادارمان بكەنەوە.
07504511172 یان 07504638067
ڕاگەیاندنی بەشی هۆشیاركردنەوە لە بەرێوەبەرایەتی گشتی كاروباری مینی هەولێر لە حامیەی رواندز




