بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك: تیرۆریستان لای ئاسایش دەستگیر دهكرێن لە دادگەی كەركووكیشەوە ئازاد دەكرێن

بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك لیوا هەڵۆ نەجات هەمزە لە دیمانەیەكی هەولێرـدا، ئاماژەی دا كە ناكۆكیی سیاسیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق، كاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر ڕەوشی ئەمنیی پارێزگای كەركووك.
ڕوونیشی كردەوە كە تا ئێستا هێزەكانی ئاساییشی كەركووك توانیویانە 21 هاووڵاتی لە دەست باندە تیرۆریستییەكان ڕزگار بكەن.
لیوا هەڵۆ نەجات ڕایگەیاند: كە بارودۆخی كەركووك هیچ كات بە تەواوەتی ئارام نەبووە و تەقینەوەی ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو و بۆمبی سەر شەقامەكان و هەڵدانی مووشەك و ڕفاندنی هاووڵاتیان، بەردەوام هەبووە، بەڵام ڕێژەكان زۆر جار ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێت.
پێیشی وایە كە ناكۆكیی سیاسیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق، كاریگەریی نەرێنیی كردووەتە سەر ڕەوشی ئەمنیی پارێزگای كەركووك، بەو پێیەی كە عەرەبە شۆڤێنییەكانی ئەو شارە لە ڕێگەی كاربەدەستانی بەغداوە، زیاتر ڕێگری لە دەستگە ئەمنییەكان دەكەن.
گوتیشی: پێوەندیمان لەگەڵ هەموو لایەك چ عێراقی و چ كوردستانی باشە و دانیشتنی ئاساییمان هەیە و هەموویشمان لە سەنتەری دژەتیرۆر بەشدارین و مانگی دوو جار بەرێوەبەرەكان بە ئامادەبوونی پارێزگار كوبوونەوە دەكەین.
زۆر جار ئەنجوومەنی سیاسیی عەرەبی و لایەنە شۆڤێنییەكان هێزەكانی ئاساییش بەوە تۆمەتبار دەكەن كە تەنیا كار بۆ كورد دەكەن.
بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك، تۆمەتە بێبنەماكانی ئەو ئەنجوومەنەی ڕەت كردەوە و گوتی: سكاڵامان لەسەر ئەو ئەنجوومەنە تۆمار كردووە، چونكە ئێمە كەس بە بێ تاوان دەستگیر ناكەین و هەموو ئەوانەی دەستگیر دەكرێن، پێشتر لە ڕێگەی دادگەوە فەرمانی گرتنیان بو دەردەچێت و بە هاوبەشی لەگەڵ پۆلیس و بە سەرپەرشتیی سەنتەری دژەتیرۆر، دەستگیر دەكرێن.
سەبارەت بە ژمارەی ئەو كەسانەی كە لە لایەن هێزەكانی ئاساییشی كەركووكەوە ڕزگار كراون، لیوا هەڵۆ باسی لەوە كرد كە تا ئێستا هێزەكانی ئاساییشی كەركووك توانیویانە 21 هاووڵاتی لە دەست باند و تاقمە تیرۆریستییەكان ڕزگار بكەن كە لە پاش ڕفاندنیان داوای چەندین دەفتەر دۆلاریان لە كەسوكاریان دەكرد و زۆربەی ئەو هاووڵاتیانەیش كە ڕزگار كراون، لە نەتەوەی عەرەب و توركمانی كەركووكن.
لە سەردانەكەی ئەم دواییەیدا بۆ كەركووك، (نووری مالیكی) ئاماژەی دا كە گوایە ئاساییشی كەركووك خەڵكی عەرەب دەستگیر دەكات و بۆ كوردستان ڕەوانەیان دەكات، بەڵام لیوا هەڵۆ ڕوونی كردەوە كە لە دوای ساڵی (2003)ـوە تا ئێستا ئاساییش لە خزمەتكردنی سەرجەم هاووڵاتیانی شاری كەركووك بە بی جیاوازی، بەردەوامە.
گوتیشی: من پرسیار لە نوری مالیكی و ئەنجوومەنی سیاسیی عەرەبی دەكەم كە لە دوای ساڵی 2006ـەوە تا ئێستا چ عەرەبێك لە لایەن ئاساییشەوە دەستگیر كراوە و ڕەوانەی كوردستان كرابێت، با ناوەكانیان بڵێن وەكوو بەڵگە ئەگەر حەزیان لە تۆمەتباركردنی ئێمە نییە و بەس.
لیوا هەڵۆ ئەوەیشی خستە ڕوو كە تا ئەو ساتەیش ئاساییشی كەركووك سەر بە ئاژانسی پاراستنی ئاساییشی هەرێمی كوردستانە و حكوومەتی هەرێمیش زۆر هاوكاریی ئاساییشی كەركووكیان كردووە، بە تایبەت مەسروور بارزانی كە هەموو كات گرنگیی تایبەتی بە ئاساییشی كەركووك داوە.
ڕوونیشی كردەوە كە بە هۆی سەربەخۆیی دادگەی كەكووك و تایبەتمەندییانەوە، كەس دەست ناخاتە كارەكانیانەوە، كە ئەمەیش كێشەی بۆ ئاساییش دروست كردووە، بەو پێیەی بەشێك لە تیرۆریستان دوای دەستگیركردنیان بە چەند ڕۆژێك، لە لایەن دادگەی كەركووكەوە ئازاد دەكرێن.




