ئێران سەرکردەکانى شیعەى عێراقی رازیکرد تا پشتگیرى لە مالیکى بکەن

ئێران –KDP.info / بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئێران لەدواین کۆبوونەوەیان لەتاران، سەرکردەکانى شیعەى عێراقی رازیکردوون، کە پشتگیرى لە سیاسەتەکانى نورى مالیکى بەرامبەر بە خۆپیشاندانەکانى عێراق بکەن و هێڵى سووریش لەبەردەم خۆکاندیدکردنەوەى مالیکى دانەنین، تا بۆ جارى سێیەم پۆستى سەرۆک وەزیرانى عێراق وەرگرێتەوە ، چەند سەرچاوەیەکى باوەرپێکراوى عێراق بەرۆژنامەى حەیاتى راگەیاندووە: هەریەکە لە سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامى عەممار حەکیم و سەرۆکى هاوپەیمانى نیشتمانى ئیبراهیم جەعفەرى و عەلى موسەوى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق دواى کۆبونەوەیان، لەلایەن بەپرسانى ئێرانەوە رازیکراون، کە بەشدارى لە هەوڵەکانى سەندنەوەى متمانە لەنورى مالیکى نەکەن و هاوکات پشتگیریش لەسیاسەتەکانى مالیکى بکەن، لە بەرامبەر ئەو خۆپێشاندانانەى کە سوننەکان لە چەند پارێزگایەکى عێراق سازیدەکەن، رۆژنامەکە راشیگەیاندووە: سەرجەم سەرکردەى لایەنەکانى شیعە جگە لەرەوتى سەدر هەموویان بەو سیاسەتەى ئێران رازی کراون، شایەنى باسە کۆبوونەوەى سەرکردەکانى شیعەى عێراق لە گەڵ بەرپرسانى ئێران لە چوارچێوەى کۆنگرەى یەکبوونى ئیسلامى لەتاران بووە و کە رۆژى دووشەممەى رابردوو کۆتایى بەکارەکانى هات.




