رێكخراوی قاعیدە داوای چەك هەڵگرتنی لە سوننەكانی عێراق كرد

بەغدا –KDP.info / رێكخراوی تیرۆریستی قاعیدە لە بانگەوازێكیدا، داوای لەسوننەكانی عێراق كرد، چەك هەڵگرن و لە دژی حكوومەتەكەی نوری مالیكی بوەستنەوە، گوتەبێژی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق ئەبو محەمەد عدنانی لە بڵاوكراوەیەكی دەنگیدا كە لە ماڵپەری ئەلەکترۆنی توندڕەوەكان بڵاوكراوەتەوە: داوای لە خەڵكی سوننەی عێراق کردووە بە دوای فێلبازان نەكەون و چەك لەدژی حكوومەتی نوری مالیكی هەڵگرن . ئەبو محەمەد عەدنانی راشیاگەیاند: دوو هەڵبژاردە لەبەردەم سوننەكانی عێراق هەیە، یەكێكیان چۆكدانان بۆ رەتكراوەكان واتە شیعەكان، دووەمیشیان چەك هەڵگرتن لە دژیان، لە كۆتایی بانگەوازەكەیدا گوتەبێژی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق رایگەیاند: بەهەڵگرتنی چەك كەرامەتتان پارێزراو دەبێت و سەركەوتوو دەبن، بەپێچەوانەوە دەكەونە ژێر دەستی رەتكراوەكان و دەیان نەهامەتیتان رووبەروو دەبێتەوە، شایەنی باسە لە 20 مانگی كانوونی یەكەمی رابردوو خۆپیشاندان ناڕەزایی لەچەند پارێزگایەكی عێراق كە زۆرینەی سوننە مەزهەبن دەستی پێكردووە و بەهۆیەوەش 8 كەس كوژران و دەیان خۆپیشاندەری دیكەش برینداربوون، بڕیارە سبەی هەینیش خۆپێشاندان لەو پارێزگایانە ساز بكرێت.




