یەكەمین كۆنفرانسی عەلەوییەكانی كوردستان لە دیاربەكر ساز دەكرێت

كوردستانی باكور- تایبەت بە KDP.info/ بریارە لە رۆژی شەممە رێكەوتی یەكی مانگی داهاتوو یەكەمین كونفرانسی عەلەوییەكانی كوردستان لە شاری دیاربەكر لە باكووری كوردستاندا ساز بكرێت.
بریارە لەم كۆنفرانسەدا كە دوو رۆژ دەخاینێت و لە لایەن كونگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیكەوە ئورگانیزە كراوە، نوێنەری سەرجەم عەلەوییەكانی كوردستان و ئەورووپا و پیاوە ئاینییەكانی عەلەوی ( دەدە) بەشداری بكەن و كێشە و گرفتەكانی عەلەوییەكان گفتووگۆیان لە سەر بكرێت و هەوڵ بۆ دۆزینەوەی چارەسەری كێشەكانی عەلەوییەكان بدرێت.
لە لایەكی دیكەوە هەر لەم كۆنفرانسەدا بریارە وەكو ئاینێكێ مێژوویی باس لە بارەی گۆڕانكاری و ئەو قۆناغانە بكرێت كە ئاینی عەلەویەتی تێیایاندا تێپەڕ بووە.
جێگای ئاماژە پێكردنە ئەمە یەكەمینجارە لە مێژوودا بۆ عەلەوییەكان بە تایبەتی ئەو عەلەوییانەی كە لە نێو سنوورەكانی توركیادا دەژین كۆنفرانسێكی بەمجۆرە ساز دەكرێت هەر بۆیە زۆربەی هەرە زۆری عەلەوییەكان زۆر بە بایەخەوە لەم كۆنفرانسە دەروانن.




