لایەنە پەیوەندیدارەكان رادەسپێرین كەپابەندی قانوون بن و دوور لەتوندوتیژی و رەفتاری ناشایستە مامەڵەی رۆژنامەنووسان بكەن

هەولێر - ( KDP.info ) عیماد ئەحمەد رایگەیاند حكوومەتی هەرێم خۆی بەداكۆكیكاری سەرەكی ئازادی كاری رۆژنامەنووسی و مافی ژنامەنووسان دەزانێت و بەجیدیش كار بۆ نەهێشتنی سەرپێچی بەرامبەر رۆژنامەنووسان دەكات، هەروا وتیشی جێگەی خۆشحاڵییە كە بە گوێرەی راپۆرتی لیژنەی داكۆكی لەرۆژنامەنووسان ئاستی سەرپێچیەكان بەرامبەر رۆژنامەنووسان لەكوردستان بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە.
ئەمڕۆ عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیداری لیژنەی داكۆكی لەئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان كە چەند رۆژێك لەمەوبەر دەیەمین راپۆرتی خۆیان سەبارەت بەو پێشێلكاریانەی لەشەش مانگی رابردوو بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئەنجامدراون بڵاوكردەوەو تەئكیدی كردەوە كەحكوومەتی هەرێم خۆی بەداكۆكیكاری سەرەكی رۆژنامەنووسان و ئازادی و دیموكراسی دەزانێت بەجیدیش كار بۆ كەمكردنەوەو بنبڕكردنی سەرپێچیەكان دەكات هەروا وتیشی لایەنە پەیوەندیدارەكان رادەسپێرین كەپابەندی قانوون بن و دوور لەتوندوتیژی و رەفتاری ناشایستە مامەڵەی رۆژنامەنووسان بكەن و بواری كاركردنی ئازاد و بێ ئاستەنگیان بۆ بكەنەوە، چونكە حكومەتی هەرێم بڕوای وایە بوونی ئەزموونێكی رۆژنامەگەری پیشەییانە خزمەتێكی بەرچاوی پرۆسەی حوكمڕانی دەكات و هاوكارێكی باشیش دەبێت بۆ دەستنیشانكردنی كەموكورتییەكان.
راشیگەیاند كەموكورتیمان هەن بەڵام نابێ رێگەبدەین زیادبكەن و بەپێچەوانەوە پێویستە رێیان لێبگرین، بۆ ئەم ئەركەش ئێمە بڕوامان بەوە هەیە كارەكانمان لەلایەن میدیاوە چاودێری بكرێن. سەندیکای رۆژنامەنووسانیش لەمیانەی پێشكەشكردنی دەیەمین راپۆرتی خۆیان داوایان كرد لایەنە بەرپرسەكان پابەندبكرێن باشترو شیاوتر مامەڵەی رۆژنامەنووسان بكەن و ئاستەنگ و رێگریان بۆ دروست نەكرێت لەكاتی روماڵكردنی روداوەكاندا.
بەگوێرەی ئەو راپۆرتەی لیژنەی داكۆكی لەمافی رۆژنامەنووسان ئامادەی كردوە ئاستی پێشێلكارییەكان وەكو راپۆرتەكە باسی لێوەكراوە بە بەراورد لەگەڵ رابردو كەمی كردووە، لیژنەكەش ئاماژەیان بەوەدا كە بە میكانیزمێكی تازە و بە بەشداری لقەكان راپۆرتەكەیان ئامادەكردووە بۆ ئەوەی هەر سەرپێچیەك كە روو دەدات لەشوێنی خۆیەوە تۆمار بكرێت. جێی باسە لە دیدارەکەدا سەبارەت بەراهێنانی كارمەندانی پۆلیس وچالاكییە مەدەنییەكان بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان بیرورا ئاڵوگۆڕ كرا.




