٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە جیا لەگەڵ كونسوڵی گشتی ئەمریكا و كونسوڵی گشتی بەریتانیا كۆدەبێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر- KDP.info/ بە مەبەستی زیاتر ئاگادار بوون لە رەوشی سیاسی ئێستای هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە، ئەمرۆ هەریەك لە پۆڵ سوتفین كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان و هیوئێڤەنس كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان سەردانی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و لەگەڵ هێمن هەورامی ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوە و ژمارەیەك ئەندامی مەكتەب كۆبوونەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، هێمن هەورامی پوختەیەكی لە بارەی دوایین رەوشی ناوچەكه‌روونكردەوە و رایگەیاند: پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان هەمیشە لەگەڵ دیالۆگ و كاری پێكەوەیین لەگەڵ لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسی و یاسایی و هاوچارەنووسی، لەم رووەشەوە چەندین پێشنیاری گرنگمان داوەتە لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن و چاوەرێی وەڵامیان دەكەین.

لە بارەی رەوشی عێراقەوە، هێمن هەورامی رایگەیاند: عێراق بە مەترسیدارترین قۆناغی سیاسی و ئاسایش پاش 2003 دا تێپەڕدەبێ و هۆكاری سەرەكی لادانی سەرۆك وەزیرانی ئێستای عێراقە لە دەستوور و رێككەوتنەكان و نەبوونی ئاشتەوایی نیشتمانی و كۆكردنەوەی دەسەڵاتە ئەمنی و ئابوورییەكان لە دەست سەرۆك وەزیران و نەهێشتنی ماناكانی شەراكەتی راستەقینە.

دواتر لە بارەی رەوشی ئێستای سوریا و ژیانی پەنابەرانی سوریا لە هەرێمی كوردستان و دۆخی پارتە كوردییەكان لە سوریا و سیاسەتی پارتی دیموكراتی كوردستانلە مەڕ پرسی دیالۆگی ئێستای حكوومەتی توركیا و بەرێز ئۆجەلان و ئاسۆكانی ئەم پێشهاتە نوێیانە، هێمن هەورامی بە وردی ڕوانگە و هەڵوێستی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەردوو كونسوڵی گشتی روونكردەوە.

بە جیا هەردوو كونسوڵی ئەمریكا و بەریتانیا، هەڵوێستی وڵاتەكانیان دووپاتكردەوە كە ئەوان پشتگیری لە هیچ كەس و لایەنێكی دیاریكراو لە عێراق ناكەن و هەمیشە لەگەڵ جێبەجێكردنی دەستووری عێراق و گرتنە بەری رێگای دیالۆگ و ئاشتیانەن.

هەروەها زۆر بە گەرمی سوپاسی هەڵوێست و هاوكاری سەركردایەتی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ بە تەنگەوە چوونی پەنابەرانی سوریا لە هەرێم و ئەم هەڵوێستەیان بە بەرزی نرخاند.

 

هەواڵی پەیوەندیدار