گۆلتەن قشناق: ئەگەر بارودۆخ بەمجۆرە بەردەوام بێت دەچینە سەر سنوورەکان

كوردستانی باكور- KDP. .info/ هاوسەرۆکی بەدەپە گۆلتەن قشناق لە کۆبوونەوەی گرووپی پارتەکەی خۆیدا باسی بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و هەوڵدانەکانی تورکیا بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لە دەڤەرەکە کرد و وتی: تورکیا لە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستاندا سیاسەتێکی زۆر هەڵە پەیڕەو دەکات و ئەگەر ئەم سیاسەتەی تورکیا بەردەوام بێت ئەوا کوردانی باکوور بە مەبەستی پشتگیری کردنی رۆژئاوای کوردستان بەرەو سنوورەکان دەخرۆشن.
قشناق لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد کە تورکیا بەو پەڕی هێزی خۆیەوە پشتگیری لە چەندین گرووپی چەکداری چەتە دەکات تا لە ناوچە کوردییەکاندا هێرش بکەنە سەر هاووڵاتییە کوردەکان و بارودۆخی ئەوانیش ئاڵۆز بکەن تا بەمجۆرە کورد نەتوانێت لە سووریای نوێدا مافەکانی خۆی بە دەست بخات و ببێتە خاوەن پێگەیەکی سیاسی و یاسایی. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر بێت و تورکیا لە سەر ئەم سیاسەتەی خۆی لە بەرامبەر رۆژئاوای کوردستاندا سوور بێت ئەوا کوردانی باکووری کوردستان بە مەبەستی پشتگیری کردنی رۆژئاوای کوردستان روو لە سنوورەکان دەکەن و براکانی خۆیان دەپارێزن.




