٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

لەم هەفتەیەدا چارەنووسی مالیكی لە هەولێر یەكلایی دەبێتەوە

سەرچاوە: Hewler

كورد و ئەلعێراقییە و سەدر ئەم هەفتەیە هەڵوێستی كۆتایی خۆیان لە هەمبەر نوری مالیكی و كۆی پڕۆسەی سیاسیی عێراق یەكلا دەكەنەوە.

ڕاوێژكارێكی سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییەـیش، دەڵێت كە هەنگاوەكانی داهاتوو ڕوون بوونەتەوە و سەندنەوەی متمانە لە مالیكی بە ئەگەرێكی بەهێز هەژمار دەكات.

لەم هەفتەیەدا، هێزە سیاسییەكانی كۆبوونەوەی هەولێر و نەجەف جارێكی دیكە بۆ تاوتووكردنی وەڵامی هاوپەیمانیی نیشتمانی و هەڵوێستی پێشووی خۆیان گردبوونەوەیەكی گشتگیری یەكلاكەرەوە لە هەولێر ئەنجام دەدەنەوە.

بەپێی زانیارییەكانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم فوئاد حوسێن كۆبوونەوەی ئەم جارە سەركردەكەی سەرجەم هێزە سیاسییەكانی عێراق لە خۆ دەگرێت بە هاوپەیمانیی نیشتمانـیشەوە و تێیدا وەڵامی “هاوپەیمانیی نیشتمانی” تاوتوو دەكرێت.

بڕیاریشە سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق عەممار ئەلحەكیم بە مەبەستی بەشداریكردن لەو كۆبوونەوەیەدا بەم زووانە بێتە هەرێمی كوردستان.

دوێنێ كۆبوونەوەیەكی هاوبەشی هاوپەیمانیی كوردستانی بە سەرۆكایەتیی مەسعوود بارزانی و هاوپەیمانیی ئەلعێراقییە بە ئامادەبوونی د. ئەیاد عەللاوی و ساڵح موتڵەگ و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئوسامە نوجێفی لە هەولێر بە ڕێوە چوو.

بە گوتەی هانی عاشوورـی ڕاوێژكاری سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە ئەیاد عەللاوی، كۆبوونەوەكانی هەولێر كە لەسەر ئاستی باڵادا بەڕێوە دەچن، بۆ بڕیاردانە لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو.

عاشوورـیش دووپاتی دەكاتەوە كە هاوپەیمانیی نیشتمانی لە كۆبوونەوەی ئەم جارەدا بەشدار دەبن.

گوتیشی: “ئێستا هەنگاوەكانی داهاتووی كۆبوونەوەكە ڕوون بوونەتەوە كە دەبێت چ بكرێت بەو پێیەی كە پەیامەكەی هەولێر و نەجەف هیچ وەڵامدانەوەیەكی لە لایەن حكوومەتەوە بۆ نەبووە.

ئەگەر تا ئەم هەفتەیە هاوپەیمانیی نیشتمانی و حكوومەتی عێراق وەڵامی داوای كۆبوونەوەكانی هەولێر و نەجەف نەدەنەوە، دوور نییە بە ڕوونی لە كۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری سەندنەوەی متمانە لە (مالیكی) بدەن.

بە پێی یاسا، هەر كاتێك سەرۆكوەزیران لە دەستەڵاتەكانی خۆی لای دا یانیش بە دەستوورەوە پابەند نەبێت، یاخود پابەندی ڕێككەوتنەكان نەبێت، ئەوا دەكرێت بانگهێشتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت و بە كۆی دەنگ متمانەی لێ بسەندرێتەوە.

ئێستا لە لایەن كورد و ئەلعێراقییە و سەدرییەكانەوە ئەوەی مالیكـی پێ تۆمەتبار دەكرێت، ئەوەیە كە پێشێلی دەستووری كردووە و پابەندی ڕێككەوتننامەی هەولێر و چەند بەڵێنێكی دیكەی نەبووە.

لە ئێستایشدا بەو پێیەی كە كورد و ئەلعێراقییە و سەدر كورسیی پێویستیان لە پەرلەماندا هەیە كە 163 كورسییە، دەتوانن متمانە لە كابینەكەی مالیكی بستێننەوە و حكوومەتێكی زۆرینە پێك بهێنن.

هەواڵی پەیوەندیدار