تاقە سەرۆک شارەوانی کوردی جەهەپەیش وازی لە جەهەپە هێنا

تایبەت بە kdp.info/ تاقە سەرۆک شارەوانی کوردی جەهەپە بە هۆی لێدوانەکانی پارلەمانتاری جەهەپە بیرگۆل ئایمان گۆلەر و سەرۆک شارەوانی جەهەپەی شاری ئایدین سەبارەت بە کورد، رۆژی دووشەممە بە شێوەیەکی رەسمی دەست لە کار کێشانەوەی خۆی لە جەهەپە راگەیاند.
سەرۆکی شارەوانی ناوچەی عومرەلی سەر بە شاری ماردینی باکووری کوردستان یەڵماز ئاڵتنداغ کە بە تاقە سەرۆک شارەوانی جەهەپە لە کوردستانی باکووردا ناسراوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە بەردەم سەرۆکایەتی شارەوانی عومرەلیدا رایگەیاند کە من وەکو کوردێکی ئەندامی جەهەپە لە دوای ئەم لێدوانانەی دژ بە گەلی کورد تەرێق دەبمەوە کە چرکەیەکی دیکە لە نێو ئەم پارتەدا بمێنمەوە و لەگەڵ ئەم مرۆڤە رەگەز پەرەستانەدا کار بکەم هەر بۆیە بە رای گشتی تورکیا رادەگەینم کە لەم کاتە بەدواوە من هیچ جۆرە پەیوەندییەکم بە جەهەپەوە نەماوە و لەم پارتە جیا دەبمەوە.
جێگای ئاماژە پێکردنە کە لە کاتی گفتووگۆ کردن لە سەر پرۆژە یاسای بەرگری کردن لە خۆ لە نێو پارلەمانی تورکیادا پارلەمانتاری شاری ئەزمیری جەهەپە گۆلبیر ئایمان گۆلەر وتبووی کورد و تورک یەکسان نین و بۆ کەس نییە کە بڵێت پێویستە کورد و تورک یەکسان بن و لە لایەکی دیکەیشەوە دوو رۆژ لە دوای ئەم لێدوانانە جارێکی دیکە سەرۆک شارەوانی شاری ئایدینی جەهەپە وتبووی بۆ ئەوە کە هیچ کوردێک لە شاری ئایدین نەمێنێت هەر هەمووی هێز و ئیمکانەکانی خۆم دەخەمە گەڕ.




