موسڵ: وەزیرە كوردەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكەی مالیكی -یان كرد

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەسەرپەرشتی نوری مالیكی لە موسڵ دەستیپێكردو وەزیرەكانی كوردیش بایكۆتیان كرد.
ئەمڕۆ نوری مالیكی سەرۆك وەزیران، بەمەبەستی سەرپەرشتیكردنی دانیشتنێكی حكومەت بەیاوەری ژمارەیەك وەزیر گەیشتە شاری موسڵ.
هەرچەندە پێشتر د. خەیروڵا حەسەن وەزیری بازرگانی عیراق كە وەزیرێكی كوردە بە "خەندان"ی راگەیاندبوو كە وەزیرانی كورد بەشداری لە كۆبوونەوەكەی حكومەتدا دەكەن، بەڵام دانیشتنەكە بە بێ بەشداری وەزیرانی كورد بەڕێوەدەچێت.
پەرلەمانتار شەریف سلێمان نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە ئەنجومەنی نوێنەران بە "خەندان"ی راگەیاند كە وەزیرەكانی كورد بەشداری لەو كۆبوونەوەیەی ئەنجومەنی وەزیراندا ناكەن.
سلێمان لەو بڕوایەدا بوو كە سەردانەكەی مالیكی بۆ پارێزگای نەینەوا زیاتر رەهەندێكی سیاسی هەیە، نەك پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری، بەتایبەتیش لە ئێستادا كە لایەنەكانی هاوپەیمانی كوردستان، عیراقییەو رەوتی سەدر نیگەرانن لەشێوازی حوكمڕانیكردنی سەرۆك وەزیران.
شەریف سلێمان كە ئەندامی فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانە ئەوەشی خستەڕوو سەردانەكەی مالیكی بۆ پارێزگاكانو ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران تێیاندا، ئامانجی سیاسییان لە پشتەو بۆ راكێشانی رای شەقامە بەلای خۆیدا.
رۆژی 8ی ئایار نوری مالیكی لە شاری كەركوك سەرۆكایەتی دانیشتنێكی ئەنجومەنی وەزیرانی كرد كە لەلایەن وەزیرەكانی كوردەوە بایكۆت كراو سەردانەكەی مالیكیش بۆ ئەو شارە بووە مایەی ناڕەزایی بەشێك لە سیاسەتمەدارەكانی كوردو بە سەردانێك بۆ ئیستفزازكردنی كورد لێكدرایەوە.
مانگی شوباتی رابردووش كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لە شاری بەسرە بەڕێوەچوو بوو.




