ئەندامێكی لیستی كوردستانی: ئۆپۆزسیۆن رێككەوتنی نێوان فراكسیۆنەكانی پێشێل كرد

هەولێر- تایبەت بە KDP.info/ چەند رۆژێك بەر لە ئێستا بەمەبەستی رێككەوتن لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە سەر پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبوونەوەو بەپێی لێدوانی دوای كۆبوونەوەكان بە شێوەیەكی سەرەتایی فراكسیۆنەكان رێككەوتن لەسەر ئەوەی هەر ئەندامێكی پەرلەمان لە پێنج دەقە زیاتر قسە نەكات، یاخود بەمانایەكی تر بەپێی پێویست قسە بكرێت بۆ ئەوەی دانیشتنەكان زۆر نەخایەنێت و بە زووترین كات بودجە پەسەند بكرێت، بەڵام چەند رۆژێكە دانیشتنەكانی پەرلەمان لەمەڕ بودجە دەستیپێكردووەو بەپێی گوتەی ئەندامێكی لیستی كوردستانی ژمارەیەك ئەندامی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن ئەو رێكەوتنەیان شكاندووەو بەبێ گوێدانە كات لەهۆڵی پەرلەمان قسە دەكەن.
فازڵ بەشارەتی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەلیستی كوردستانی تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: پێشووتر سەرجەم فراكسۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەو قسەیان لەسەر ئەوە كرد كە هەر ئەندامێك بەپێی پێویست لەماوەی پێنج خولەك لە هۆڵی پەرلەمان لەمیانەی دانیشتنەكان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 قسە بكات، بەڵام بەداخەوە ژمارەیەك ئەندامی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن پابەند نەبوونە بەو رێككەوتنە بەمەش پەسەندكردنی بودجە ماوەیەكی زیاتر دەخایەنێت كە پێشبینی دەكرا.
ناوبراو گوتیشی: هەوڵ هەیە بۆ دواخستنی پەسەندكردنی بودجە لەلایەن فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن بەگشتی و بزوتنەوەی گۆران بەتایبەتی، بۆ ئەمەش هەر دواكەوتنێك دەكەوێتە ئەستۆی ئەوان.
بڕوا بەرزنجی




