جەهەپە کوردان لە شاری ئایدین دەردەکات و ئاکەپەیش لە جەهەپە تووڕە دەبێت

تایبەت بە kdp.info/ سەرۆکی شارەوانی شاری ئایدینی تورکیا ئوزلەم چەرچیئوغڵۆ دوێنێ لە دێمانەیکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بریاری داوە تا یەک هاووڵاتی کورد لە نێو شاری ئایدیندا نەمێنێت و هەر هەمووی هاووڵاتییە کوردەکانی دانیشتووی ئەو شارە دەربکات.
ئوزلەم چەرچیئوغڵو کە سەر بە پارتی کۆماری گەل ( جەهەپە)یە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئایدین شارێکی تورکییە و نابێت بێجگە لە تورک هیچ کەسێکی دیکە تێیادا بمێنێت.
دوابەدوای ئەم لێدوانانەی سەرۆک شارەوانی ئایدین پارلەمانتاری پارلەمانی تورکیا سەر بە ئاکەپە محەمەد ئەردەم ئاماژەی بەوە کرد کە جەهەپە لەم قۆناخەی دواییدا سیاسەتێکی یەکجار مەترسیداری لە بەرامبەر کورد پەیڕەو دەکات و لێدوانەکانی ئەم دوایەی بەرپرسانی جەهەپە تورکیا بەرەو هەڵدێرێکی تاریکەوە دەبەن.
محەمەد ئەردەم وتی" ئاکەپە هەوڵ بۆ چارەسەر کردنی پرسی کورد لە تورکیا دەدات بەڵام جەهەپە بە پێچەوانەوە هەوڵ بۆ قووڵتر و ئاڵۆزتر کردنی پرسی کورد دەدات.
لە لایەکی دیکەوە ئەم پارلەمانتارەی ئاکەپە باسی وتەکانی پارلەمانتاری جەهەپە لە پارلەمانی تورکیایش کرد کە وتبووی " بۆ کەس نییە باسی یەکسانی تورک و کورد لە تورکیا بکات و وتی" ئەم وتە یەک لە دوایەکانەی بەرپرسانی جەهەپە نیشانەیەکی زۆر مەترسیدارن بۆ شەڕی کورد و تورک.




