عومەر نورەدینی: هەوڵی گەراندنەوەی پرۆژەی بودجە تەنها مەبەستی سیاسی لەپشتەوەیە

هەولێر تایبەت بە kdp.info /ئەمڕۆ پەرلەمانی كوردستان دانیشتنێكی ئاسایی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 ی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا و لەبەرژەوەندی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان هەوڵ دەدرێت بەزووترین كات پەسەند بكرێت، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمان بە پاساوی جۆراوجۆر هەوڵی گەراندنەوەو دواخستنی پەسەندكردنی بودجە دەدەن.
عومەر نورەدینی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە لیستی كوردستانی تایبەت بۆkdp.infoگوتی: هەر جۆرە دواكەوتنێكی پەسەندكردنی بودجە دەبێتە هۆی زەرەرگەیاندن بە بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان و راگرتنی پێشینەكانی خانووبەرەو هاوسەرگیری و پێشینەكانی دیكە، هەروەها دەبێتە هۆی چەقینی ئابوری و سستی بازاڕەكان، بۆیە هەر چەشنە دواكەوتنێك راستەوخۆ و ناراستەوخۆ زیانی بۆ سەر هاووڵاتیان هەیە.
سەبارەت بە ئەو هەوڵانەی كە دەدرێن بۆ دواخستنی پەسەندكردنی بودجە یاخود گەڕانەوەی بۆ حكوومەت و ئەو پاساوانەی لەمبارەیەوە دەهێنرێنەوە، عومەر نورەدینی گوتی: ئەو پاساوانەی دەهێنرێنەوە بۆ گەڕاندنەوەی بودجە یاخود دواخستنی پەسەندكردنی بەهیچ شێوەیەك یاسایی و لۆجیكی و بابەتی و پسپۆڕی نین، بەڵكو زیاتر لەچوارچێوەی لێكدانەوەو مەبەستی سیاسین.
ناوبراو سەبارەت بە هەڵوێستی لیستی كوردستانی لەمەڕ ئەو هەوڵانە گوتی: ئێمە هەر بەردەوام دەبین لەسەر گفتوگۆكردن لەسەر بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان هەر گرفتێك هەبێت داوای چارەسەر و بەدواداچوونی بۆ دەكەین و لەرۆژانی ئایندەش گفتوگۆ لەسەر بودجە بەردەوامی دەبێت.
بڕوا بەرزنجی




