فازڵ بەشارەتی: بەكژداچوونەوەی هێزە ئەمنییەكان دژایەتی كردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە

هەولێر- تایبەت بە kdp.info/ لەمیانەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارەیەك لە ئەندامانی فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان گلەیی و رەخنەی زۆریان لە بڕی ئەو پارەیەی كە بۆ هێزەكانی ناوەخۆ و پێشمەرگەو ئەنجوومەنی ئاسایش دیاریكراوە، لەمیانەشدا دامەزراندنی هاووڵاتیان لەو دەزگایانە و هەر وەك لە راگەیاندنەكان باسی لێوە دەكرێت ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەو فراكسیۆنانە لە قسەكانیان لەكاتی گفتوگۆی ئەمڕۆ لە گرنگی هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستانیان كەمكردۆتەوەو ئەندامێكی لیستی كوردستانیش لەبەرامبەردا دەڵێت: بەكژداچوونەوەی هێزە ئەمنییەكان دژایەتی كردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستانە.
فازڵ بەشارەتی ئەندامی لیستی كوردستانی لە پەرلەمانی كوردستان تایبەت بۆkdp.infoگوتی: بەداخەوە لە كاتی دانیشتنەكانی ئەم چەند رۆژەی پەرلەمانی كوردستان لەمەڕ پرۆژە بودجەی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان قسەیەكی زۆر لەسەر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و هێزەكانی ناوەخۆ دەكرێت، گوایا ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئەو هێزانە تەرخان كراوە زۆرەو پێویست نییە، یاخود قسەی تر رووبەرووی هێزەكانی پێشمەرگەو ناوەخۆ دەكرێتەوە، بەبڕوای من ئەمە دژایەتی كردنی ئەو ئارامی و ئاسایشەیە كە لە هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە لەبەرهەمی ماندووبوونی ئەو هێزانە هاتۆتە بەرهەم، بەڵام ئێمە وەكو لیستی كوردستانی لەداهاتوودا قسەی خۆمان دەبێت لەسەر ئەو بابەتە.
بڕوا بەرزنجی




