عێراق: ئەنفلۆنزای (باڵندە و بەراز) (5) کەسى کوشت و (89) کەسیش تووشى بوون

عێراق –kdp.info بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند: بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندە و بەرازەوە تا ئێستا (5) کەس گیانیان لەدەستداوە و (89) حاڵەتی توشبوونیش بە فەرمیى تۆمار کراوە، ستار ساعدی بریکارى وەزارت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا رایگەیاند، "بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ( 5 ) حاڵەتی گیان لەدەستدان و (89) حاڵەتی تری توشبوون بەئەنفلۆنزای (باڵندەو بەراز) لەسەرتاسەری عێراق تۆمارکراوە، ساعدى ئاماژەی بەوەشکرد: کە ئەگەری زیادبوونی ژمارەی توشبوان بەو نەخۆشییە لە ئارادایە و داواشى لەهاووڵاتیان کرد، ئەو ڕێوشوێنە خۆپارێزییانە بگرنەبەر کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیەوە پەیڕەو دەکرێت، بریکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق، هاوکات مەترسى تەشەنەسەندى بەربڵاوى زیاترى نەخۆشییەکە بە دوورخستەوەو رایگەیاند: نەخۆشییەکە تا ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و گشت پێداویستییەکانیش لە داو دەرمان لە گشت نەخۆشخانەکانمان دەست دەکەوێت، پێویستە هاوڵاتیان بۆ خۆپاراستنیان لەو نەخۆشییە، روو لە نەخۆشخانەکان بکەن، لە کاتێکدا ئەگەر هەست بەنیشانەکانی ئەنفلۆنزا بکەن ،وەک بەرزبونەوەی پلەی گەرمای لەشو هەستکردن بەسوتانەوە لە قورگدا .




