لە فەلوجە 4 سەرباز رفێنران و 2 سەربازی دیكەش كوژران

تایبەت بە kdp.info/ ئەمڕۆ 4 سەربازی عێراق لە شاری فەلوجە شوێن بزركران و هێزەكانی ئەمنی عێراقیش هەڵمەتی پشكنینیان دەستپێكرد، سەرچاوەیەكی پۆلیس بە ئاژانسی سەربەخۆی راگەیاند: ژمارەیەك چەكداری نەناسراو چوار سەربازی عێراقییان، لەنێو ئۆتۆمبێلێكی ئۆپل لە دوای دەرچوونیان لە بنكەی سەربازی باشووری فەلوجە دەستبەسەر كردووە، دواتر بۆ شوێنێكی نادیاریان رفاندوون، سەرچاوەكەی پۆلیس ئەوەشی راگەیاند: دوای رفاندنی سەربازەكان هێزەكانی سەر بەسوپای عێراق، دەستیان بە پشكنین و گەڕان بەدوای سەربازە رفێنراوەكانیان كردووە، هاوكات هەر ئەمڕۆ لەشاری فەلوجە، دوو سەربازی عێراقی بەجیا لەرێگای گولەی قەناسەوە كوژران، كە یەكێكیان لە ناوچەی نەعیمییە، ئەوەی دیكەش لە ناوچەی سینیەی فەلووجە بووە . شایەنی باسە ئەو پەرەسەندنە دوای رووداوەكەی دوێنی فەلوجە هات، كە تێدا دەیان خۆپیشاندەر بەگولەی سوپای عێراقەوە كوژران و برینداربوون.




