بەپێی ئەو پرۆژە یاسایەی لە پەرلەمانی عێراق پەسەندكرا مالیكی ناتوانێت جارێكی دیكە ببێتەوە سەرۆكی عێراق

تایبەت بە- kdp.info/ ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئامادەبوونی زۆرینەی كوتلەو لیستەكان پرۆژە یاسای دیاریكردنی ماوەی سێ سەرۆكایەتیبەكەی عێراق پەسەندكراو ئەندامێكی لیستی هاوپەیمانی كوردستانیش دەڵێت: ئەم یاسایە رێگرە لە دروستبوونی دیكتاتۆریەت.
شوان محمد تەها ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لیستی هاوپەیمانی كوردستانی تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: پرۆژە یاسای دیاریكردنی ماوەی هەر سێ سەرۆكایەتی عێراق لە هەشت خاڵ پێكهاتووە،بەڵام گرنگترین خاڵ بریتییە لە دیاریكردنی ماوەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق كە بریتین لە (سەرۆك كۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنحوومەنی نوێنەران) هەرچەندە لیستی دەوڵەتی یاسا لە دانیشتنەكە كشایەوە، بەڵام توانرا بە زۆرینەی دەنگ پرۆژە یاساكە پەسەند بكرێت.
گوتیشی: گرنگی و سوودی ئەو پرۆژەیە ئەوەیە كە نوری مالیكی ناتوانێت جارێكی تر ببێتە سەرۆك وەزیرانی عێراق، چونكە یاساكە رێگە بە زیاتر لە دوو جار خۆ هەڵبژاردنی هیچ كەسێك نادات بۆ هەر كام لەو سێ سەرۆكایەتیەی عێراق بەمەش رێگە لە سەرهەڵدانی دیكتاتۆریەت دەگیرێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت لیستی دەوڵەتی یاسا پەنا بباتە بەر دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پرۆژە یاساكە ئەمەش بەتانە لێدان لە یاسا پەسەندكراوەكە.
بڕوا بەرزنجی




