پارێزگاری موسڵ: سەردانەکەی مالیکی بۆ تەقاندنەوەی ناکۆکیی نێوان عێراقییە و هاوپەیمانی کوردستانییە

ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری موسڵ رایدەگەینێت سەردانەکەی مالیکی بۆ تەقاندنەوەی ناکۆکی نێوان عێراقییە و هاوپەیمانیی کوردستانییە.
ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری موسڵ رایگەیاند نابێ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا باس لە ناکۆکییە سیاسییەکانی ئێستای وڵات بکرێ، بەڵکو لەجیاتی ئەودا پێویستە هەڵوەستە لەسەر لایەنی خزمەتگوزاری و کێشەکان بکرێ کە دانیشتوانی موسڵ زۆر پێویستیان بەم لایەنە هەیە.
ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە پارێزگای موسڵ دەکرێ، بە گوتەی حکومەتی عێراقی بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو کێشانەی کە پارێزگاکە بەدەستیانەوە دەناڵێنێ. بەمەش دوای بەسرە و کەرکووک، موسڵ سێیەمین پارێزگایە کە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی تێیدا بکرێ.
رۆژنامەیەکی نێوخۆی بڵاویکردووەتەوە کە ئەسیل نوجەیفی، پارێزگاری موسڵ رایگەیاندوە مەبەست لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لە موسڵ تەقاندنەوەی ململانێی نێوان عێراقیە و هاوپەیمانی کوردستانییە.




