پێشبینی دەكرێت ئەم هەفتەیە كارەساتی سروشتی لە هەندێ ناوچەی هەرێمی كوردستان رووبدات

تایبەت بە –kdp.info / بەپێی ئەو زانیاریانەی كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان تۆماركراوە ئەم هەفتەیە بەهۆی تێكەڵبوونی دوو نزمە پاڵەپەستۆ پێشبینی دەكرێت، ئەم هەفتەیە لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان رێژەیەكی زۆر باران ببارێت و كارەساتی سروشتی رووبدات .
فازڵ ئیبراهیم بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان تایبەت بۆ kdp.infoگوتی: بەپێی ئەو زانیاریانەی لای ئێمە تۆماركراوە پێشبینی دەكرێت لە ئەمشەوەوە هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەری تێكەڵاوبوونی دوو نزمە پاڵەپەستۆ كە یەكێكیان لە دەریای ناوەڕاست و ئەوی تریان لە دەریای سورەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە زۆرینەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان بارانێكی زۆر ببارێت كە لەگەڵ باران بارینەكەش هەورە تریشقەشی لەگەڵدایەو هەروەها لە رۆژانی دووشەمەو سێشەمە خێرایی با زۆر دەبێت و لەهەندی ناوچە دەگاتە زیاتر لە 50 كلم لە كاتژمێرێكدا.
گوتیشی: بەشی پێشبینی بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەی هەرێمی كوردستان لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاووڵاتیان و دەزگاكانی راگەیاندنی لە ئەگەری روودانی كارەساتی سروشتی ئاگادار دەكاتەوە كە پێشبینی دەكرێت بەهۆی زۆری رێژەی باران بارین رووبدات كە زیاتر ئەگەری كارەساتی لافاو دەكرێت بۆ ئەوەی رێوشوێنی پێویست لەمبارەیەوە بگرێتە بەر.
بڕوا بەرزنجی




