٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عادل عەبدولمەهدى: گواستنەوەى ناكۆكیی لایەنەكان بۆ شەقام كارێكى مەترسیدارە

سەرچاوە: AK News

عادل عەبدولمەهدى سەركردەى ئەنجوومەنى باڵاى ئیسلامی و جێگرى پێشووى سەركۆمارى عێراق راى گەیاند، پێویستە ئەو هێزانەى لەناو دەسەڵاتى عێراقدان كێشەكانیان لەڕێى دامەزراوەكانى دەوڵەت و پەرلەمانەوە چارەسەر بكەن و وریایى دا لەوەى، گواستنەوەى ناكۆكییەكان بۆ شەقام كارێكى مەترسیدار و پەكخستنى دەستوور و دەوڵەتە.

عەبدولمەهدى لە لێدوانێكیدا بە ناونیشانى "هەولێر و نەجەف.. ململانەى هێز و دامەزراوەكان، یاخۆ ململانەى گرووپەكان؟" كە ئەمڕۆ لە لاپەڕەى خۆى لە فەیسبووك بڵاوى كردووەتەوە، ئاماژەى بەوە دەدا عێراق چەندان لێكترازان و ململانە و كێشەى ئاڵۆزى بە میرات بۆ ماوەتەوە، كە بەرژەوەندیى هەموو لایەك لەوەدایە ئەو فایلانە بكرێنە بابەتى ناو دامەزراوەكانى دەوڵەت و دادگەكان و میدیا، تا ناكۆكییە مەدەنى و ئاشتییانە و بەو ئامرازانە بكرێ كە دەستوور رێگەى پێداون.

هەروەها وریایى دا ئەگەر ئەو ناكۆكییانە بوونە مایەى پەرتەوازەیى لەناو شەقام و كۆمەڵگە و گرووپەكاندا و واى لێهات هەر لایەنێك و یاسا و لۆجیكى تایبەتى خۆى هەبێ، ئەوە ئەو یەكێتییەمان لەناو دەبەین كە بەرگرى لێدەكەین.

ئەو سەركردەیەى ئەنجوومەنى باڵا دەڵێ دەبێ لایەنە سیاسییەكانى ناو دەسەڵات لەڕێى نوێنەرەكانیان لە دەوڵەت و لە پەرلەماندا چارەسەر بكەن، هەرچى پێكهاتە و گرووپەكانیشن دەبێ ناكۆكییەكانیان لەڕێى رێزگرتنى دەق و گیانى دەستوور و تەوافوق و رێكەوتن لە سایەى دەستووردا چارەسەر بكرێ.

عەبدولمەهدى بە نیگەرانییەوە دەڵێ "بە داخێكى زۆرەوە هەندێ هەوڵ دەدەن شەقام و راى گشتى و حەساسیەتى گرووپەكان بجوڵێنن بە مەبەستى ئەنجامدانى هەڵمەتێكى ناوزڕاندن و شكاندن كە ئامانجى نەوت بە ئاگردا كردنە كە وڵات و سەرجەم پێكهاتەكانى دەسووتێنێ، ئەوەیش شێواز و رێگەیەكى مەترسیدارە".

لە كۆتاشدا دەڵێ "ئەگەر رۆڵى دامەزراوەكانمان لاواز كرد و دەستوورمان خستە سەر رەفە، ئەوەى بەدڵمانە لێى وەرگرین و ئەوەیشى بەدڵمان نییە سڕى بكەین و رۆڵى بێلایەنانەى دەوڵەت و حكوومەتمان لەبەین برد، ئەوە بەو كارە پیلان لە خۆمان دەگێڕین و دەگەڕێینەوە بۆ رەفتارەكانى رابردوو".

هەواڵی پەیوەندیدار