بەرپرسێكی هاوپەیمانی نیشتمانی: بەمالیكیمان گوتوە تاكڕەوی
لەكۆبوونەوەیەكدا تاوەكو بەرەبەیانی رۆژی یەكشەممە بەردەوام بوو، هاوپەیمانی نیشتمانی بەبنەماكانی هەردوو نامەكەی هەولێرو نەجەف رەزامەندبوو، سەرەڕای ناكۆكییەكی زۆر لەسەر مانەوەی مالكی یان گۆڕینی، هاوپەیمانی نیشتمانی لەسەر پێداگری دەوڵەتی یاسا دەستبەرداری مالیكی نەبوو.
دەستبەرداری نابن
سەعد ئەلموتڵەبی پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی نیشتمانی، لەلێدوانێكدا بۆ رووداو، گوتی"هاوپەیمانی نیشتمانی بەتەواوی لایەنەكانیەوە متمانەی بەخشیەوە بەنوری مالكی وەك سەرۆك وەزیران"، "لەگەڵ ئەوەشدا سوورین لەبەردەوامیدان بەگفتوگۆو دووركەوتنەوە لەو لێدوانانەی دۆخەكە ئاڵۆز دەكەن"
هاوپەیمانی عیراقییە، كەپێكهێنەرێكی سەرەكی بەرەی بەرهەڵستكارانە لەنوری مالیكی، هێشتا سوورن لەسەر لادانی مالیكی و هادی زاڵمی لەو لیستە رایگەیاند"ئەگەر هاوپەیمانی نیشتمانی مالیكی نەگۆڕن ئەوا لایەنەكان رێكن لەسەر ئەوەی متمانەی لێوەربگرنەوە".
حەمید معەلە سەركردەی دیاری ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی ئەو گوتەی ئەندامانی دەوڵەتی یاسا كەدەڵێن هیچ ئەڵتەرناتیڤێك نییە بۆ مالیكی مالیكی نەبێت، بەناواقیعی ژمارد.
گوتیشی:"عیراق پڕاوپڕە لەخەڵكی بەتوانا و ناتوانرێت داهاتووی لەسەر یەك كەس بنیاتبنرێت، هاوپەیمانی نیشتمانی چەندان كاندیدی هەیە ئەگەر كاربگاتە گۆڕینی مالیكی یان وەرگرتنەوەی متمانە لێی".
بەگوتەی ئەو بەرپرسەی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی، "بەمالیكی گوتراوە تۆ تاكڕەوی دەكەیت لەدەسەڵاتدا".
بەرپرسێكی هاوپەیمانی نیشتمانی ئەوەی بەشەرق و ئەلئەوسەت گوتوە"ئێران ریگە نادات بەگۆڕینی مالیكی و دۆزینەوەی چارەسەر".
متمانەی لێوەردەگرنەوە
مادەی (61) لەدەستوری عیراقی دوو شێوازی دیاریكردووە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆك وەزیران، سەرۆك كۆمار داوا لەپەرلەمان بكات متمانەی لێوەربگرنەوە، یاخود پێنج یەكی پەرلەمانتاران داوای وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆك وەزیران بخەنەڕوو ئەوەش تەنیا لەدوای لێپرسینەوە دەبێت لەسەرۆك وەزیران و وەرگرتنەوەی متمانەكەش پێویستی بەزۆرینەی ڕەهایە، كە بەپێی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان وەرگرتنەنەوەی متمانە پێویستی بە(163) دەنگ دەبێت لەكۆی (325) ئەندام، لەحاڵەتی متمانە لێسەندنوەشدا، دەبنە حكومەتی كاربەرێكخەر تاوەكو حكومەتێكی نوێ پێكدەهێنرێت.
رۆژنامەی (الصباح) ی زمانحاڵی حكومەتی عیراقی لەدوای كۆبوونەوەی رۆژی هەینی نێوان جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆماری عیراق و نوری مالیكی سەرۆك وەزیران لەسەر زاری سەرچاوەیەكی ئاگادار لەكۆبوونەوەكە راگەیاندووە"تاڵەبانی بە مالیكی گوتوە دەستلەكاركێشانەوەی پێ باشترە لەوەی داوای متمانە لێوەرگرتنەوەی لێ بكات".
ئەمەش وادەكات تاكە رێگای بەردەم لایەنە سیاسییەكان ئەوەبێت مالیكی بانگهێشتی پەرلەمان بكەن.
عەزیز عوگەیلی پەرلەمانتار لەقەوارەی مواتینی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عیراق، وەرگرتنەوەی متمانە بەئاسان نابینێت، ئەو بە رووداوی گوت"دوای بانگهێشتكردنی بۆ پەرلەمان، لەپەرلەماندا لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت و ئەوەش كاتێكی دەوێت، بەتایبەت دەنگی لادان یان هێشتنەوەی مالیكی هەمیشە لەگۆڕانكاریدایە، بەهۆی هەڵوێست و بەرژەوەندیەكانەوە".
سەعد ئەلموتەڵەبی لێدوانەكانی ئەلعیراقییەی رەتكردەوە بەوەی دەنگی پێویستیان هەیە بۆ متمانە وەرگرتنەوە لەمالیكی، "لایەنی یەكلاكەرەوە پەرلەمانی عیراقە، ئەگەر ئەوان سووربن لەسەر ئەوەی دەبێت متمانە لەسەرۆك وەزیران وەربگرنەوە بابچنە پەرلەمان و دەنگی پێویست كۆبكەنەوە"
گوتیشی"ئەمەش دەرگا دەكاتەوە بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی بۆ ئەوەی حكومەتی زۆرینەی هەڵبژاردن پێكبهێنێت و لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن بخاتە خانەی دەرەوەی حكومەتەوە"
هاوپەیمانی نیشتمانی كە لەئێستادا سەرەڕای دەنگی هاوپەیمانێتییەكەیان پشت بەدەنگی هەندێك قەوارەی بچوك و ئەندامی جیابوەش لەعیراقیە دەبەستن، هەروەها بەشێك لەپەرلەمانتارە عەرەبەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان، لەبەیاننامەیەكدا پشتگیری خۆیان بۆ سەرۆك وەزیران دەربڕیبوو.
ئەندامەكەی هاوپەیمانی نیشتمانی لەو بارەوە گوتی"هەڵوێستی جوداخوازانەی بارزانی لەبارەی ئەو ناوچانەوە وادەكات، پشتگیری مانەوەی مالیكی بكەن".
كۆبوونەوی هەولێر
دوای یەك رۆژ لەكۆتایهاتنی وادەكەی نەجەف بۆ هاوپەیمانی نیشتمانی، ئەمرۆ دوو شەممە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە سەڵاحەدین، ئیئتیلافی عیراقیە و هاوپەیمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتی سیاسی عیراق سازكرد.
لە كۆبوونەوەكەدا باس لەوەرگرتنەوەی متمانە كرا، لەحكومەتەكەی نوری مالیكی، بەڵام لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری یەكلاكەرەوە نەدراو بەپێی زانیاریە رۆژنامەوانییەكان كۆبوونەوەی سێیەم لەدوای دوو كۆبوونەوەی هەولێر و نەجەف جارێكی دیكە لەهەولێر ئەنجام بدرێت.
هەشت خاڵەكەی تاڵەبانی
رۆژی 17ی ئایار جەلال تاڵەبانی سەرۆك كۆمار لە دەستپێشخەرییەكدا بۆ كۆتایی هێنان بە قەیرانە سیساییەكەی عیراق، هەشت خاڵی خستە بەردەم لایەنە سیاسییەكان كە بریتی بوون لە: راگرتنی هەڵمەتی راگەیاندنی سەر یەكتر، پشتبەستن بە دەستور بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، پابەندبوون بە پرنسیپی شەراكەتی راستەقینە، پەرۆشیی بۆ سەربەخۆیی سیستمەكانی هەڵبژاردن، دیاریكردنی ماوەی خزمەتی گەورە لێپرسراوانی دەوڵەت، لەلایەن پەرلەمانەوە، پابەندبوون بە پرنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان و پاراستنی سەربەخۆیی قەزا، پشتیوانیكردن و پەرەپێدانی هەموو دامەزراوەكان.
تەواوكردنی جێبەجێكردنی ئیلتزامەكان كە لە دەستوردا هاتووەو پەسەندكردنی قانونە سەرەكییە پێویستەكان، لەوانە قانونی نەوت و گاز.
هەینی رابردوو نوری مالیكی سەرۆك وەزیرا پێشوازی لەو دەستپێشخەریەی تاڵەبانی كردبوو، بەپێی بەیاننامەیەكی سەرۆكایەتی كۆماریش ئایەتوڵڵا محەمەد تەقی پشتگیری لەو دەستپێشخەریە كردووە.
هادی عامری سەرۆكی رێكخراوی بەدریش دەستپێشخەریە هەشت خاڵیەكەی تاڵەبانی بەچارەسەرێك دانا بۆ دەرچوون لەتەنگژە سیاسییەكە.
عامری كەوا بەهۆی نزیكبوونەوەیە لەمالیكی رێكخراوی بەدری لەئەنجومەنی باڵای ئیسلامی جیاكردەوە، رایگەیاند، پێَویستە پارێزگاری بكەین لەهاوپەیمانێتییە سیاسیەكانمان بەتایبەت هاوپەیمانی شیعی – كوردی كەرژێمی سەدامی رووخاندو پرۆسەی سیاسی سەرخست، داواشی لەكورد كرد "پارێزگاری لەو هاوپەیمانێتییە بكەن".
لەسەرەتاكانی ئەمساڵەوە پەیوەندیەكانی نوری مالكی لەگەڵ ئەلعیراقییەو هاوپەیمانی كوردستانیدا بەرەو ئاڵۆزیی رۆیشت، كێشەكانی هەرێم و بەغدا زیاتر پەیوەستن بە جێبەجێنەكردنی ئیلتزاماتەكانی حكومەتەكەی مالیكی بەرامبەر بەكورد ، هەرچی كێشەی سەرەكی هاوپەیمانی ئەلعیراقییەیە خۆی لەبەشداری پێنەكردنیانەوە دەبینێتەوە لەدەسەڵاتدا.
متمانە نەماوە
ئەوەی خاڵی گەورەی ناكۆكی بێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەركردەكانی عیراقییە متمانەیان بەمالیكی نەماوە، عەزیز عوگەیلی پەرلەمانتار لەهاوپەیمانی نیشتمانی، بەشێكی گەورەی چارەسەر لەگفتوگۆو دروستكردنی متمانەدا دەبینێتەوە، ئەندامەكەی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی رایگەیاند،"دەبێت متمانە بێتە كایەوە لەنێوان لایەنەكاندا ئینجا دەتوانرێت بگەنە رێككەوتن".




