لە سعودیا دەیان ئافرەتی چالاكوان لە دژی دەسەڵات دەستگیركراون
سعودیە – kdp.info / لە سەرەتای ئەم مانگەدا بە فەرمانی دەسەڵاتدارنی عەرەبستانی سعودییە دەیان ئافرەتی چالاكوان بە تۆمەتی بەشداریكردنیان لە چالاكییەكی ناڕەزایی دژی دەسەڵاتدا دەستگیركران، لەوبارەیەوە بەڕێوبەری پرۆگرامی رێكخراوی لێبوردنی نێو دەوڵەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریكیا (فیلیب لۆسەر) رایگەیاند: بە گوێرەی ئەو راپۆرت و گرتە ڤیدیۆییانەی دەستكەوتوون ئەو ئافرەتانەی كە بەشدارییان لە خۆپیشاندانێكی بچووكدا كردووە و تێیدا داوایانكردووە، دەسەڵاتداران هاوسەرەكانیان ئازاد بكات، بەڵام خۆیشیان رووبەڕووی گرتن بوونەتەوە، ناوبراو راشیگەیاندووە: ناكرێـت دەسەڵاتدارانی سعودیا پاساو بۆ گرتنی ئەو ئافرەتانە بهێننەوە، لە كاتێكدا ئەوان تەنیا داوای مافی سروشتی خۆیانیان كردووە، هەر بۆیە پێویستە بە زووترین كات ئازاد بكرێن و پرسی چارەنووسی كەسوكاریشیان دەستنیشان بكرێت، شایانی باسە بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ جگە لەو ژنانە زیاتر لە (10) منداڵیش بە هەمان هۆكار دەستگیركراون، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەك لەسەر دەستگیركراوان رانەگەیەنراوە




